بە بۆنەی 33یەمین ساڵیادی ئەنفال، سەرۆكوەزیران و سەرۆككۆماری عێراق پەیامیان بڵاوكردەوە و بە تاوانێكی گەورەی ناو دەبەن.
بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری عێراق لە پەیامێكدا ڕایگەیاندووە، “یادەوەری کارەساتی ئەنفال، یادی تاوانێکی دڕندانەی لەبیرنەکراوە دژ بە خەڵکی کوردستان، تاوانێک کە بە ئامانجی کۆمەڵکوژی میللەتێک دەستی غەدر و کوشتنی لە ژن و منداڵ و پیر و جوانی کوردستان نەپاراست”.
سەرۆككۆماری عێراق ئەوەشی خستوەتەڕوو، “لەم یادەوەرییە تاڵەدا، گەل پێویستی بە یەکڕیزی و بوونیادنانەوەی گیانی پێکەوەھەڵکردن و یەک ئیرادەیی و یەکخستنی ھەموو ھەوڵ و تواناکانە، بۆ ڕێگهگرتن له دووبارەبوونەوەی ئەو زوڵم و زۆرداری و کارەسات و مەرگەساتانەی لە پڕۆسەی بەدناوی ئەنفالدا وەک تراژیدیای سەدە بەسەر خەڵکی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان و تهواوی عێراقدا ھات”.
بەرهەم ساڵح ڕاشیگەیاندووە، “کەسوکاری شەھیدان و قوربانییانی ئەنفال، شایستەی ئاوڕلێدانەوە و بەدەنگەوەھاتنی زیاترن، برینی ئەوان، برینی سەر دڵی نیشتمانه، خواستەکانیان بۆ ژیانێکی شایستە و پێشکەشکردنی ماف و خزمەتگوزاری و گەڕاندنەوەی ڕووفاتی ئازیزانیان، خواستی ڕاست و ڕەوانن و پێویستە چیتر ئەو داواکاری و مافە ڕەوایانە، بۆ ڕۆژگار بەجێنەھێڵدرێن و زووبەزوو تەکبیرێکی یاسایی و پێکەوەیی بۆ بە پیرەوەچون و بەواقعکردنیان بکرێت”.
لەلایەكی دیكەوە، بە هەمان بۆنەوە، مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە، “33 ساڵ بەسەر شاڵاوەكانی تاوانی ئەنفال تێپەڕی، كە ڕژێمی پێشوو لە دژی میلەتی كوردمان كردی، كە بووە هۆی كوشتنی دەیان هەزار قوربانی و ونبوونی ژمارەیەكی گەورەیان لە زیندانە تاریكەكان، هەروەها لەناوبردنی سەدان گوندی كوردی و بێلانەكردنی خەڵكەكەی”.
كازمی ئەوەشی خستوەتەڕوو، “بە ئێش و ئازارەوە ئەو یادە شومە دەكەینەوە، یادكردنەوەی ئەو تاوانە هەموو ساڵێك پاڵنەرە بۆ ئەوەی حكومەتەكان كار بكەن بۆ ئەوەی جارێكی دیكە دیكتاتۆریەت نەگەڕێتەوە”.