دوو ساختەكاری دۆلار لە هەولێر دەستگیركران

پۆلیسی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، دوو كەسیان دەستگیركردووە كە 3 هەزار و 500 دۆلاری ئەمریكییان بەشێوەی (50 دۆلاری) ساختەكردووە و بەنیازی ساخكردنەوەی بوون.

بەڕێوبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئەمڕۆ شەممە 10ی تشرینی یەكەم بڵاویكردەوە، “بەشی پۆلیسی ڕێککاری، دوو كەسیان بە ناوەکانی (م.ی.ع) و (ح.ی.ع) دەستگیرکرد، کە بڕی (3500) دۆلاری ئەمریکییان ساختە کردبوو و دەیانویست لە بازاڕ ساخی بکەنەوە”.

پۆلیسی هەولێر دەشڵێت، تۆمەتبارەكان دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە و بەپێی مادە (281) لە یاسای سزادان، ڕاگیران و ڕوبەڕووی یاسا کرانەوە.

پێشتر عیسا خدر ڕەشە، بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکانی هەرێم بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 586 كەس بە تۆمەتی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر و دراوی ساختەوە دەستگیرکراون.

بەپێی وتەی ناوبراو تەنها لەو ماوەیەدا 358 کیلۆ و 552 گرام مادەی هۆشبەر دەستیان بەسەردا گیراوە، لەگەڵ 2 ملیۆن و 650 هەزار دیناری عێراقی و 63 هەزار دۆلار و 100 هەزار یۆرۆی ساختە.

بابەتی پێشتر

پەرلەمانتارێك: سیستمە نوێیەكەی هەرێم بۆ دابەشكردنی موچە مەترسیدارە

بابەتی دواتر

وتەبێژی حكومەتی عێراق ڕوونكردنەوە لەسەر ڕێككەوتنی تایبەت بە شەنگال دەدات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share