ئەنجامەکانی یانەی تۆتنهام لەم وەرزەی خولی نایابی ئینگلیزی، کاریگەری لەسەر پێگەی هاری کەین دەبێت و ئەگەر هەیە هێرشبەرەکە ڕوو لە یانەیەکی دیکە بکات.
ماڵپەڕی ئەتلەتیک ئاشکرایکردووە، لە کۆتایی وەرزدا هاری کەینی هێرشبەری ئینگلیزی بڕیار لەداهاتووی دەدات و تەواوی بڕیارەکانیشی بە ئەنجامەکانی تۆتنهامەوە گرێداوە.
بەپێی سەرچاوەکە، ئەگەر تۆتنهام لە گەیشتن بە خولی یانە پاڵەوانەکانی وەرزی 2021/2022 سەرکەوتووبێت، شێرەکەی ئینگلتەرا بڕیاری بەردەوامبوون لە پێکهاتەی مۆرینیۆ دەدات، بەپێچەوانەشەوە ڕوو لە یانەیەکی گەورە دەکات کە لەتوانایدابێت نازناوە ناوخۆیی و ئەوروپیەکان بچنێتەوە.
دەیلی میرەر هاوشانی ئەتلەتیک وەک دوو سەرچاوەی ئینگلیزی جەختیانکردووەتەوە، مانچستەر یونایتد لەناو هاوکێشەی هاری کەیندا بووە، بەڵام دانیێل لیڤی سەرۆکی سپێرز یاریزانەکەی بە هیچ یانەیەکی ڕکابەری ئینگلیزی نافرۆشێت، هەورەها یونایتدیش بڕی 150 ملیۆن پاوەندی لەبەردەستدا نییە بۆ واژووکردنی بۆندەکە، بۆیە هەموو ئەگەرەکان بە ئاڕاستەی یانەکانی ڕیاڵ مەدرید و بەرشلۆنە، یاخود پاریس سان جێرمانی فەرەنسین کە لەتوانایاندایە ئەو بڕە پێشکەشبکەن، هەروەها لەدەرەوەی ئینگلتەراشن بۆیە نابنە ڕێگر لەبەردەم پلانەکانی لیڤی.
گۆڵکارەکەی سپێرێز لەم وەرزەدا 42 یاری لەسەرجەم خول و پاڵەوانێتیەکان ئەنجامداوە، 29 گۆڵی تۆمارکردووە و 16 گۆڵی ڕەخساندووە.