بەرێوبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر و دادگای لێكۆڵینەوەی دەشتی هەولێر فەرمانی دەستگیركردنی بكوژێك گەیشتە پۆلیسی پارێزگای سلێمانی و تۆمەتبارەکە دەستگیرکرا.
پۆلیسی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، ” پاش ئەوەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر و دادگای لێكۆڵینەوەی دەشتی هەولێر فەرمانی دەستگیركردنی بكوژێك گەیشتە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی كە گومانیان دەكرد تۆمەتبار بەرەو پارێزگای سلێمانی هەڵاتبێت ، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی سەرجەم بەش و بنكەكانی ڕاسپارد كە بەدواداچوون بكەن بۆ دۆزینەوە و دەستگیركردنی تۆمەتبار “.
ئەوەش ئاشکراکراوە، دوای بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەكان لەلایەن بنكەی پۆلیسی واماوای سەربە بەشی پۆلیسی شارەزور توانرا تۆمەتبار بناسرێتەوە و دەستگیربكرێت .
لەئێستادا تۆمەتبار (ب ، ب ، أ ) بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 406 لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراوە و دوای تەواوكردنی ڕێكارە یاساییەكان ڕەوانەی دادگای هەولێر دەكرێتەوە .