نێچیرڤان بارزانی و مستەفا كازمی كۆبوونەوە و چەند پرسێكیان تاووتوێكرد، جەخت لەسەر هەماهەنگیی ئەمنیی نێوان هەولێر و بەغداد كرایەوە.
سەبارەت بە كۆبوونەوەكە، نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە، چەند دۆسییەیەك لە بوارەكانی هەماهەنگیی تەواوی نێوان دامەزراوەكانی دەوڵەت لە حكومەتی ناوەند و هەرێم بەپێی دەستور و هەوڵەكان بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی تیرۆر و هەماهەنگی لەبارەی شەنگالەوە تاووتوێكران.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە، كازمی جەختی لەسەر هەماهەنگیی تەواوی ئەمنیی نێوان بەغداد و هەولێر كردووە بەجۆرێك كە سەقامگیریی ناوخۆیی بەدوای خۆیدا بهێنێت.
سەبارەت بە سەردانە بەردەوامەكانی سەرۆكی هەرێم بۆ بەغداد، كازمی ئاماژەی بەوەكردووە، “ئەوە نامەیەكی دروستە بۆ هەموو عێراقییەكان لە بوونیادنانی تممانە و پیشاندەری نیەت پاكییە و هاندەرە بۆ هەماهەنگی”.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش لە كۆبوونەوەكەدا دەستخۆشی لە هەوڵەكانی سەرۆكوەزیرانی عێراق كردووە لە بواری سیاسی و ئابوری و دیبلۆماسی، وەك نوسینگەی كازمی ئاشكرایكردووە.
سەرۆكی هەرێم ئەوەشی وتووە، “چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان بەغداد و هەولێر سەقامگیری و پێشكەوتنی عێراق بەدوای خۆیدا دێنێت”.