ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دەڵێت، بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا بووەتە هۆی زیادبوونی جیاكاری لە زۆرێك لە وڵاتانی جیهاندا، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقاش ڕێكخراوەكە زیادبوونی پێشێلكارییەكانی دەرهەق بە بەندكراو وكۆچبەر و ئاوارەبووان تۆماركردووە.
ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی نیگەرانی خۆی نیشاندا لە دژواربوونی دۆخی مافەكانی مرۆڤ دەرهەق بە ملیۆنان كەس لە سایەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ.
ڕێكخراوەكە بەبۆنەی بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتی ساڵانەیەوە ئاشكراشیكرد، بڵاوبوونەوەی پەتاكە بووەتە هۆی زیادبوونی نایەكسانی و جیاكاری و سەركوتكردن لە زۆرێك لە ناوچەكانی جیهاندا.
ڕاپۆرتی ڕێكخراوەكە ئاماژە بەوەشدەكات، پەتای كۆرۆنا ئەو مەترسییانەی زیادكردووە كە ڕوبەڕووی ئەو كەسانەی زۆرتر توشی پێشێلكاری دەبنەوە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا، لەنێویشیاندا بەندكراوان، كۆچبەر، ئاوارە و كەمینەكان.
بۆ نمونە ئەو وڵاتانەی بە سیستمی كەفالەت كاردەكەن وەك (بەحرەین، ئوردون، كوەیت، لوبنان، عومان، قەتەر، سعودیە و ئیمارات) زۆرێك لە كرێكارانی بیانی لە هەندێك لەم وڵاتانە ڕوبەڕووی دەركردن لەسەر كار بوونەتەوە و، كرێی چەند مانگێكیان پێنەدراوە.
ڕاپۆرتەكە ڕونیشیدەكاتەوە، پەتای ڤایرۆسی كۆڤید-19 كەموكوڕییەكانی چاودێریی تەندروستی لە بەندینخانەكاندا زیادكردووە كە لە بنەڕەتدا لە دۆخێكی ناتەندروستدان. لە میسر، ئێران و سعودیە دەسەڵاتداران ڕێگرییان لە پێشكەشكردنی چاودێریی تەندروستی كردووە لە سۆنگەی سزادانەوە، كە بووەتە هۆی ڕودانی هەندێك حاڵەتی مردن لە میسر، وەك ئەوەی ڕێكخراوەكە ئاشكرایكردووە.
هبە مرایف، بەڕێوبەری نوسینگەی هەرێمایەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا لە ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی وتی، ساڵی 2020 لە سەرجەم ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا ساڵێكی كارەساتبار بوو بۆ بەندكراوان و كۆچبەر و ئاوارە و كەمینە فەرامۆشكراوەكان، بەهۆی ڤایرۆسی كۆڤید-19ەوە هەستیانكردووە دۆخیان لەهەركات زیاتر مەترسیدارتر بووە.
ڕێكخراوەكە دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل-یشی تۆمەتباركرد بە خۆدزینەوە لە دەستەبەركردنی ڤاكسین بۆ پێنج ملیۆن فەڵەستینی لە بەری خۆرئاوا و غەززە، كاتێك هەڵمەتی كوتانی لە كانونی دووەمی 2020 دەستپێكرد، ئەمەشی بە پێشێلكردنی ئەو ئەركانەی لەسەر ئیسرائیل-ە ناوبرد، بەهۆی ئەوەی بەپێی یاسای نێودەوڵەتی وڵاتی داگیركەرە.
ڕاپۆرتی ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دۆخی مافەكانی مرۆڤ لە 149 وڵاتی جیهان دەگرێتەوە و، شیكردنەوەیەكی تەواوی ئاراستەی مافەكانی مرۆڤ لە جیهاندا لە ساڵی 2020 لەخۆدەگرێت.
س: DW