پۆلیسی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، ژنێك بە تۆمەتی كوشتنی پیاوێك دەستگیركراوە.
بەڕێوبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئەمڕۆ یەكشەممە 11ی تشرینی یەكەم بڵاویكردەوە، “بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان/ نوسینگەی لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی كوشتن، پاش ئاگاداركردنەوەیان لە تاوانێكی كوشتن لە گەڕەكی (مستەوفی) كە تەرمی هاوڵاتییەك بە ناوی (سامان) لە گۆڕستانی (ئیمام محەمەد) فڕێدرابوو، دەستیان بە لێكۆڵینەوەیەكی ورد كرد و توانییان ئافرەتێك بە ناوی (هـ.ا.ح) بە تۆمەتی كوشتنی هاوڵاتییەكە دەستگیربكەن”.
بەپێی ڕاگەیەنراوەكەی پۆلیسی هەولێر، تۆمەتباری ئاماژەپێكراو، دانی بە تاوانەكەیدا ناوە، بۆیە پەڕاوی لێكۆڵینەوەی بۆ ڕێكخرا و بەپێی مادەی (406) لە یاسای سزادان ڕاگیرا و لێكۆڵینەوەش لە ڕوداوەكە بەردەوامە.