پەرلەمانتارێكی ھەدەپە، کە بەھۆی دەرچوونی بڕیاری کۆتایی سزای زیندانییەوە پارێزبەندی لێسەندرابووەوە، لە ئەنقەرە دەستگیرکرا.
عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو، ئەندامی پەرلەمانی توركیا لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی گەلان (ھەدەپە) لە کۆبوونەوەی 17ی ئازاری ئەنجومەنی گشتیی پەرلەمان، لەدوای خوێندنەوەی یاداشتنامەی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا سەبارەت بە دەرچوونی بڕیاری کۆتایی سزای زیندانی، پارێزبەندی لێسەندرایەوە و دواتریش فرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچوو.
دوای بڕیارەكەش دوێنێ لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە لە نێو ماڵەكەیدا لە ئەنقەرە ئەو پەرلەمانتارە دەستگیركرا.
ساڵح عومەر، كوڕی ئەو پەرلەمانتارە لە تویتەرەوە بڵاویكردەوە كە باوكی دەستگیركراوە و وتی، “ڕێگەیاننەداوە تەنانەت پێڵاوەكانی لەپێبكات”.
دەستگیركردنەكەی ئەو پەرلەمانتارە لەكاتێكدایە، دادگای دەستوریی توركیا لەكاتێكی پێشتردا ڕەتیكردەوە پێداچوونەوە بە داواكارییەكەیدا بكات كە دژ بە بڕیاری لابردنی پارێزبەندییەكەی پێشكەشیكردبوو، لەكاتێكدا ئەو تۆمەتەی ئاراستەی كراوە بەهۆی پۆستێكەوەیە كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاویكردووەتەوە.
لەدوای ئەو ڕەتكردنەوەیەش عومەر فاروق سووربوونی خۆی لەسەر بەرزكردنەوەی دۆسیەكەی بۆ دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا، كە بارەگاكەی لە ستراسبۆرگ-ی فەڕەنسایە، دوپاتكردەوە، وەك ئەوەی لە تویتێكدا بەر لە دەستگیركردنەكەی ئاماژەی پێدا.
س: ئاژانسەكان