پەرلەمانتارێك دەڵێت، پرۆژەیاسای بودجە لە ماوەی 48 كاتژمێری داهاتوودا ڕەوانەی سەرۆكایەتی كۆمار دەكرێت بۆ پەسەندكردن و چوونە بواری جێبەجێكردنیەوە.
بەدر زیادی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی سائیرون ئەمڕۆ پێنجشەممە 1ی نیسان وتی، سەرۆكایەتی پەرلەمان داوایكردووە سەرلەنوێ پرۆژەی بودجە چاپبكرێتەوە بەپێی ئەو هەموار و زیاد و كەمكردنانەی لە دانیشتنی شەوی ڕابردوودا بەسەریدا هێنراوە.
زیادی لە لێدوانێكدا كە میدیا عێراقییەكان بڵاویانكردەوە وتیشی، پاش تەواوكردنی ئەو هەنگاوە، پرۆژەكە لەماوەی 48 كاتژمێری داهاتوودا ڕەوانەی سەرۆكایەتی كۆمار دەكرێت بۆ پەسەندكردنی. ئەوەشی وت، پاش پەسەندكردن دەنێردرێت بۆ بڵاوكردنەوە لە ڕۆژنامەی وەقائعی فەرمی و دواتر دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
ڕونیشیكردەوە، یاساكە بەركاردەبێت لە 1ی كانونی دووەمەوە تا كۆتایی ساڵ.
شەوی ڕابردوو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2021ی پەسەندكرد، پڕۆژەكە پاش پەسەندكردنی لەلایەن سەرۆككۆمار و بڵاوكردنەوەی لە ڕۆژنامەی وەقایعی فەرمییەوە دەبێتە یاسا و پێویستە لەلایەن هەردوو حكومەتی ناوەند و هەرێمی كوردستانەوە پەسەندبكرێت.