سەرەڕای دەستپێكردنی هەڵمەتی كوتان لە زۆرێك لە وڵاتانی جیهان، ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداریدەدات لە زیادبوونی توشبوون بە كۆرۆنا و دەشڵێت، ژمارەی توشبووان لە ئەوروپا “چەند مانگێكە زیاتر مایەی نیگەرانییە”.
هەروەك هۆشداریدەدات لەوەی پێدانی ڤاكسین لە زۆرێك لە وڵاتانی ئەوروپادا خاوە “بەشێوەیەكی قبوڵنەكراو”.
ڕێكخراوەكە ئەمڕۆ پێنجشەممە 1ی نیسان لە بەیاننامەیەكدا كە لەلایەن نوسینگەی هەرێمایەتی ئەوروپاوە بڵاوكراوەتەوە دەڵێت، خاوی لە پێدانی ڤاكسین ماوەی پەتاكە درێژدەكاتەوە”، دوپاتیشیدەكاتەوە ژمارەی توشبووانی نوێ لە ئەوروپا بەشێوەیەكی بەرچاو لەماوەی پێنج هەفتەی ڕابردوودا بەرزبووەتەوە.
لەدوای دەركەوتنی جۆرە گۆڕاوەكەی ڤایرۆسەكە لە بەریتانیا، ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداریدایە وڵاتانی ئەوروپا بەوەی لەبەردەم مەترسیدان، سەرەڕای ئەو هیوایەی لەسەر ڤاكسینەكان هەیانە و چەند جارێكیش هۆشداریدا لە هەستكردن بە ناڕاستی پارێزراوی.
ڕاگەیەنراوەكە لەكاتێكدایە ژمارەیەك لە وڵاتانی ئەوروپا گەڕاونەتەوە بۆ پەیڕەوكردنی كەرەنتین و، توندكردنی ڕێوشوینەكانی خۆپارێزی.
س: ئەلعەرەبییە