پەرلەمانتارێكی كورد ڕایدەگەیەنێت، لەسەر بڕگەی تایبەت بە گواستنەوەی میلاكی فەرمانگە فیدڕاڵییەكان شەڕ لەنێوان فراكسیۆنی پارتی و هاوپەیمانی هیوا دروستبوو.
ڕێبوار كەریم، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی هیوا ئەمڕۆ چوارشەممە 31ی ئازار بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “لەسەر بڕگەی تایبەت بە گواستنەوەی میلاکی فەرمانگە فیدڕاڵییەکان بۆ سەر حکومەتی ناوەندی كە لە پرۆژەیاسای بودجەدا دانرا، شەڕ لەنێوان فراكسیۆنی پارتی و هاوپەیمانی هیوا دروستبوو”.
وتیشی، “بەڵام دواجار بڕگەكە لە پەرلەمان دەنگی زۆرینەی هێنا و تێپەڕێندرا”.
ڕێبوار كەریم ئەوەشی خستەڕوو، لەگەڵ فراکسیۆنی یەکێتی-ش ئیمزامان کۆکردۆتەوە بۆ لابردنی پارێزگاری ئێستای کەرکوک لە 30ی حوزەیران و دانانی پارێزگارێکی کورد.
ئەوەشی وت، “چاوەڕێی دەنگدانین لەسەری، لەوەشدا پارتی هەر دژە و شەڕ دروستبوو”.
پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2021 دەستیپێكرد.
پەرلەمانتاران دەنگیان بە مادەی یەكەمی پرۆژەیاساكەدا كە تیایدا نرخی بەرمیلێك نەوت بە 42 دۆلار و نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار-یش بە 1450 دینار بۆ هەر دۆلارێك دیاریكراوە.
لە درێژەی دانیشتنەكەی ئەنجومەنی نوێنەراندا هەردوو مادەی 10 و 11 پەسەندكران، كە تایبەتن بە پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجە و پابەندییەكانی هەرێم.
بەپێی دوایین ئەو گۆڕانكارییانەی بەسەر پرۆژەیاساكەدا هێنراوە پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق نزیكەی 9 ترلیۆن و نیو دینار دەبێت، بەپێی ڕێژەی 12.67%ی كۆی گشتیی بودجە.