زۆرینەی مادەكانی پرۆژەیاسای بودجە پەسەندكران

دەنگدان لەسەر مادەی 41 دواخرا

ئەنجومەنی نوێنەران لە دانیشتنی تایبەت بە دەنگدان بە پرۆژەیاسای بودجە بەردەوامە و زۆرینەی مادەكانی پرۆژەكە پەسەندكراون، جگە لە مادەی 41 كە دواخراوە و مادە نوێیەكان.

ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە 31ی ئازار بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، دانیشتنەكەی پەرلەمان درێژەی هەیە و زۆرینەی مادەكان دەنگیان لەسەردراوە و تێپەڕێندراون.

لە میانەی پرۆسەی دەنگدان پرۆژەكە، چەند مادەیەك ڕەتكرانەوە و هاوكات دەنگدان لەسەر مادەی 41ی پرۆژەیاساكە دواخرا، ئەمەش ئەگەری دواخستنی دەنگدانی كۆتایی لەسەر كۆی پرۆژەیاساكە هێنایە ئاراوە، بەڵام ڤیان سەبری ئەوەی وت، “هەر ئەمشەو دەنگدان لەسەر كۆی پرۆژەیاسای بودجە تەواودەكرێت، بەو مادە دواخراوەشەوە”.

پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2021 دەستیپێكرد.

پەرلەمانتاران دەنگیان بە مادەی یەكەمی پرۆژەیاساكەدا كە تیایدا نرخی بەرمیلێك نەوت بە 42 دۆلار و نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار-یش بە 1450 دینار بۆ هەر دۆلارێك دیاریكراوە.

لە درێژەی دانیشتنەكەی ئەنجومەنی نوێنەراندا هەردوو مادەی 10 و 11 پەسەندكران، كە تایبەتن بە پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجە و پابەندییەكانی هەرێم.

بەپێی دوایین ئەو گۆڕانكارییانەی بەسەر پرۆژەیاساكەدا هێنراوە پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق نزیكەی 9 ترلیۆن و نیو دینار دەبێت، بەپێی ڕێژەی 12.67%ی كۆی گشتیی بودجە.

بابەتی پێشتر

مستەفا كازمی لەگەڵ محەمەد بن سەلمان كۆبووەوە

بابەتی دواتر

پەرلەمانتارێك: لەسەر بڕگەیەكی بودجە شەڕ لەنێوان فراكسیۆنی پارتی و هاوپەیمانی هیوا دروستبوو

بابەتی پەیوەندیدار
Total
1
Share