وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش پابەندبوون بە پتەوكردنی هەماهەنگی بۆ ڕێگرە لەدووبارە گەڕانەوەی تواناكانی ڕێكخراوەكە دوپاتدەكەنەوە و ئیدانەی ئەو هێرشانەش دەكەن كە لە هەولێر و بەغداد و عەین ئەسەد ئەنجامدران.
كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی هاوپەیمانێتیەكە ئەمڕۆ سێشەممە 30ی ئازار بە سەرۆكایەتی ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و سۆفی ویلمیس، جێگری سەرۆكوەزیران و وەزیری دەرەوەی بەلجیكا ئەنجامدرا.
وەزیرانی بەشداربوو ڕایانگەیاند، سەرەڕای ئەوەی داعش كۆنتڕۆڵی هیچ ناوچەیەكی لەژێردەستدا نییە و نزیكەی سێ ملیۆن كەس لە عێراق و سوریا لە دەسەڵاتی چەكدارەكانی ڕزگاریان بووە، بەڵام “هەڕەشەكانی تائێستا بەردەوامە”.
هەروەك ڕەزامەندییان نیشاندا لەسەر دابینكردنی سەرچاوەی سەربازی و مەدەنی پێویست بۆ پشتگیریی هەوڵەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هێزە هاوبەشەكان دژ بە داعش لە عێراق و سوریا، هەروەها پشتیوانیكردنی سەقامگیری ناوچە ئازادكراوەكان بۆ پارێزگاری لە سەقامگیریی هەردوو وڵات و بەرژەوەندییە ئەمنییە هاوبەشەكان.
وەزیرانی وڵاتانی بەشداربوو ئیدانەی ئەو هێرشانەشیان كرد كە لە عێراق و بەتایبەت لە هەولێر و بەغداد و بنكەی عەین ئەسەد كرایەسەر هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هاوبەشە عێراقییەكان.
پێشوازی خۆیشیان نیشاندا بەرامبەر بڕیاری وەزیرانی هاوپەیمانی ناتۆ لە 18ی شوباتی ڕابردوو دەربارەی فراوانكردنی پلەبەندی ئەركە ڕاوێژكاری و ڕاهێنانەكانی هاوپەیمانیەكە لە عێراق بە ڕەزامەندیی حكومەتی بەغداد.
سەبارەت بە سوریاش هاوشانی خۆیان بۆ گەلی سوریا نیشاندا بەمەبەستی یەكلاكردنەوەی هەمیشەیی ناكۆكییە سیاسییەكان بەپێی بڕیاری ژمارە 2254ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.
س: ئەلحوڕە