لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبوونەوەی كۆرۆنا لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا چەند بڕیارێكی نوێی دەركرد، “خوێندنی زانكۆ و پەیمانگاكان بە ئۆنلاین بەردەوام دەبن و ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی و شەممە هاتوچۆ لەگەڵ پارێزگاكانی عێراق قەدەغە دەبن”.
سەبارەت بە بڕیارەكانی لیژنەكە، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێم لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتی، “ڕێكارەكان بۆ قۆناغی ئێستا بریتین لە، داخستنی قوتابخانە و زانكۆ و پەیمانگاكان لە كەرتی گشتی و تایبەت بەردەوام بن تا 10ی 4، تەنها ئەو قۆناغانە دەخوێنن كە تاقیكردنەوەیان هەیە، دەوامی فەرمانگەكانیش لە یەكشەممە بۆ چوارشەممە دەبێت”.
سامان بەرزنجی ئەوەشی خستەڕوو، “هەموو كۆڕ و كۆبوونەوە و گردبوونەوەیەك ڕادەگیرێت و قەدەغە دەكرێت، هەروەها ڕێگا بە هیچ ئاهەنگ و بۆنە و پرسەیەك نادرێت لە هەر شوێن و بە هەر ناونیشانێك”.
وەزیری تەندروستی ئەوەشی خستەڕوو، “هۆڵی سینەماكان بە داخراوی دەمێننەوە لە تەواوی هەرێمی كوردستان و ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی و شەممە بە تەواوی هاتوچۆ لەگەڵ پارێزگاكانی عێراقدا ڕادەگیرێن”.
ئاشكراشیكرد، “هۆڵەكانی لەشجوانی و كافتریاكان لە نۆی شەو تا شەشی بەیانی دادەخرێن”.
لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبوونەوەی كۆرۆنا بڕیاریشی داوە، سزاكانی نەبەستنی دەمامك پابەند نەبوون بە ڕێكارەكانی خۆپارێزی توند بكرێنەوە.
سەبارەت بە هەموو شوێنە ئایینییەكان، لە كۆبوونەوەدا بڕیاردرا وەزارەتی ئەوقاف ڕابسپێدرێت بۆ ئەوەی ڕێكاری پێویست ڕابگەیەنێت، وەك وەزیری تەندروستیی هەرێم ئاماژەی پێكردووە.