مێسی: ھەستم بە ئازار کرد کاتێک ڕۆناڵدۆ پێنجەم خەڵاتی باڵۆن دۆری بەدەستھێنا

چاوپێکەوتنێکی بەتاموچێژ لەنێوان لیۆ مێسی باشترین یاریزانی جیھان و گۆڤاری “فرانس فوتباڵ” ماوەی (٣٦) خولەک دەخایەنێت، تیایدا ئەفسانە زیندووەکە ئاماژە بە چەندین بابەتی پەیوەندیدار بە یانەی بەرشلۆنە و ژیانی تایبەتی خۆی دەکات.

چوار ساڵە ناتوانیت خەڵاتی باڵۆن دۆر بەدەست بھێنیت، بێگومان بەپەرۆشەوە چاوەڕوانی بویت؟
بە پەرۆشبووم بۆی؟ نەخێر، ئەو چوار ساڵە بەخێرایی تێپەڕیان کرد و تەنھا ھیوام دەخواست جارێکی تر نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکان بەدەست بھێنمەوە کە لەساڵی ٢٠١٥وە بەدەستمان نەھێناوە، سەرباری ئەوەی ئەم خەڵاتە ئاڵتونیە دڵخۆشم دەکات، بەڵام بە پەرۆش نەبووم بۆی.

شەش تۆپی ئاڵتونی وات لێدەکات ھەست بە فەخر و شانازی بکەیت؟
لەڕاستیدا ئەم جۆرە خەڵاتانە زۆر تایبەتن، سەرەڕای ئەوەی ھەمیشە باس لەوە دەکەم کە نازناوە بە کۆمەڵەکان گرنگترە بەلامەوە، بەڵام ھەر تۆپێکی ئاڵتونیش خەسڵەتێک یان یادەوەرییەکی دیاریکراوی ھەبووە، دەمەوێت خۆشیەکانی بەدەستھێنانی ئەم خەڵاتە لەگەڵ ھاوسەر و منداڵەکانمدا بەش بکەم بەتایبەت تیاگۆی کوڕە گەورەم کە لە ئێستادا ھەست بە گەورەیی و بایەخت خەڵاتەکە دەکات.

کامیان بەلاتەوە گرنگترن، تۆپی ئاڵتونی یان خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا؟
ھەردووکیان گرنگن، بەدەستھێنانی نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکان چانسی ئەوەت پێدەدات باڵۆن دۆر بچنیتەوە، لەکۆتاییدا ئێمە لەبواری تۆپی پێدا بۆ نازناوە بەکۆمەڵەکان ھەوڵدەدەین.

دە ساڵ لەمەوبەر یەکەم تۆپی ئاڵتونیت لە ژیانی وەرزشیتدا بەدەستھێنا، بیر لەوە دەکەیتەوە چۆن و بە چ شێوەیەک ئەو دە ساڵەت بەڕێکردووە؟
لەڕاستیدا قورسە بتوانم بیر لەھەموو ئەو دەستکەوتانە بکەمەوە کە ساڵ بە ساڵ بەدەستم ھێناون، چونکە ئێمە بەردەوام یاریی دەکەین و کاتی ئەوەمان نییە بوەستین و بیربکەینەوە، کاتەکانمان بەخێرایی دەڕۆن و تەنانەت نەمتوانیوە بەپێی پێویست تاموچێژ لەم ساتە خۆشانەی ئێستاش وەربگرم، بەڵام پێموایە من کەسێکی شانسدارم ئەم ھەموو خەڵات و نازناوەم بەدەستھێناوە.

بەرارود بە خەڵاتەکانی تری باڵۆن دۆر، ئەم خەڵاتە دەرفەتی ئەوەت پێدەدات زیاتر لەگەڵ خێزانەکەت بەشی بکەیت؟
ھەر جارێک خەڵاتێک بەدەست دەھێنم شتێک دەڵێم، سوپاسی زۆری خێزان و ھاوڕێکانم دەکەم، تۆپی ئاڵتونی بەھۆی چاکە و بوونی ئەوانەوەیە کە لەھەموو دۆخە خۆش و ناخۆشەکاندا لەگەڵمدا بوون.

منداڵەکانیشت یاریدەدەرت بوون؟
منداڵەکانم نایابترین و بەھێزترین کاریگەرییان ھەبووە، بوونیان لەم کاتانەدا ناوازەیە، لەگەڵمدا بوون لە بەرشلۆنەوە بۆ پاریس و ئەوەش لەچواردەورمدا دۆخێکی زۆر خۆشی دروست کرد.

منداڵەکانت لەوە تێدەگەن، چ واتایەکی ھەیە باوکیان شەشەم نازناوی باشترینی جییانی بەدەستھێناوە؟
تیاگۆ لەھەموویان گەورەترە و بەباشی لەو بابەتانە تێدەگات، ماتیۆ تەمەنی چوار ساڵە و لەھیچ شتێک تێناگات، سیرۆش ھێشتا منداڵە.

چوار جار لەسەریەک خەڵاتی باڵۆن دۆرت بەدەست ھێنا لە ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١٢، ئەمە بەنسبەت تۆوە لە بایەخی خەڵاتەکە کەم دەکاتەوە؟
نەخێر، ئەم خەڵاتانە تایبەت بوون و زۆریش ناوازەیە چوار جار لەسەر یەک براوە بیت، لەدوای ١٠ ساڵ و بەدەستھێنانەوەی بۆجاری شەشەم، بۆم دەسەلمێنێت لەو ماوەیەدا لە لوتکەدا بەردەوام بووم، وەک وتم شانسم ھەیە ئەو ھەموو خەڵاتەم بەدەستھێناوە.

پێتوایە ئێستا کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ بێزاربێت لەوەی تۆ خەڵاتەکەت بەدەستھێناوە؟
ئەوە بابەتێکە تیایدا دەژین، ھەست دەکەین و گوزارشتیش لەخۆمان دەکەین، نازناوە بەکۆمەڵەکان گرنگترە، بەڵام خەڵاتە تاکە کەسیەکانیش واتای پاداشتێکی گەورەیە، کاتێک تۆپی ئاڵتونی بەدەست دەھێنیت بەشێوازی خۆت گوزارشتی لێدەکەیت، کاتێکیش دەگەینە ترۆپکی وەرزش ھەمیشە حەزدەکەین خەڵاتەکان بۆخۆمان بێت.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا ھەستت بە بێزاری کرد؟
با بڵێین من لەوە تێدەگەم بۆچی لەو چەند ساڵەدا خەڵاتەکەم بەدەست نەھێناوە، چونکە لەسەر ئاستی بەکۆمەڵ لەگەڵ یانەکەم نەمانتوانی ئامانجەکانمان بپێکین، لەگەڵ بەرشلۆنە نەمانتوانی نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکان بەدەست بھێنین کە لەسەر ئاستی تاکە کەسی ھەوێنی باڵۆن دۆرە، کاتێک کریستیانۆ خەڵاتەکەی بەدەستھێنا ئاستێکی بەرزی پێشکەش دەکرد و نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی دەبردەوە، سەرجەم خەڵات و نازناوەکانی شایستە بوون، منیش ھیچم پێنەدەکرا.

ھەستت بە نادادپەروەری نەدەکرد کە دەتبیست میدیاکان تۆ بە باشترین وەسف دەکەن؟
تۆپی ئاڵتونی بەو یاریزانە دەدرێت کە لەگەڵ یانەکەی یان ھەڵبژاردەی وڵاتەکەی لە ساڵێکدا بەرزترین ئاستی پێشکەش کردووە، ھەروەھا دەنگدان بۆ ئەم خەڵاتە پەیوەندی بە خواست و ئارەزوی دەنگدەرانەوە ھەیە، ھەیە پێی وایە ڕۆناڵدۆ باشترینە و ھەیە پێی وایە من باشترینم، ھەیە پێی وایە نایمار و مباپێ باشترینن لە جیھاندا، دەبێت ڕێز لە ڕاوبۆچونی خەڵک بگیرێت، ئەگەر ھەستم بە نادادپەرەوەری نەکردبێت لەبەرئەوەیە کە ڕۆڵ و کاتی ڕۆناڵدۆ بوو خەڵاتەکە بەدەستبھێنێت.

وەرزی ڕابردوو پلەی چوارەمت لە ڕیزبەندی باڵۆن دۆر بەدەستھێنا، لەم وەرزەدا چاوەڕوانی ئەوەت دەکرد بەدەستی بھێنیت؟
لەگەڵ یانەی بەرشلۆنە و ھەڵبژاردەی وڵاتەکەم ھەمیشە ھەوڵدەدەم ئەوپەڕی تواناکانم بەگەڕبخەم و ھەموو شتێک لەنێو یاریگادا پێشکەش بکەم، ھەموو وەرزێک لەگەڵ بەرشلۆنە دەمەوێت مێژوویەکی نوێ بنوسمەوە و نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکان بەدەست بھێنم، ئەگەر بتوانم بەدەر لەوە خەڵاتی باشترین یاریزان مسۆگەر بکەم بێگومان شتێکی باشە.

پێتوایە لەدەستدانی چوار باڵۆن دۆری ڕابردوو بەھۆی ئاستی بەکۆمەڵی یانەکەتەوە بووە، نەک ئاستی ھونەری خۆت؟
بەڵێ، کاتێک گواردیۆلا ڕاھێنەری بەرشلۆنە بوو دوو جار جامی چامپیۆزلیگمان بەرزکردەوە و منیش ھەمیشە پاڵێوراوی خەڵاتەکە بووم، ھەروەھا ئیسپانیا لەو کاتەدا نازناوی مۆندیال و یورۆی بەدەستھێنابوو و تەواوی کاندیدەکان لە یانەی بەرشلۆنە بوون، پێکھاتبووین لە من و ئینێستا و چاڤی، لەبەرئەوەیە پێموایە نازناوە بەکۆمەڵەکان ھەوێنی بردنەوەی خەڵاتە تاکە کەسیەکانن.

ھەستت بەچی کرد کاتێک ڕۆناڵدۆ باڵۆن دۆری پێنجەمی بەدەستھێنا و لەگەڵ تۆدا ژمارەی خەڵاتەکانی ھاوتا کردەوە؟
حەزم دەکرد تەنھا من خاوەنی پێنج خەڵاتی باڵۆن دۆر بم، بۆیە کاتێک ڕۆناڵدۆ ژمارەکەی ھاوتا کردەوە ھەستم بە ئازار کرد و زانیم لە پێشەنگی باشترینەکاندا نەماوم، بەڵام ئەوەی ڕوویدا لۆجیک بوو ھەرچەندە من پێمناخۆش بێت.

ئێستا تۆ خاوەنی شەش خەڵاتیت، واتای ئەوەیە تۆ باشترینی لەمێژووی تۆپی پێدا؟
(بەپێکەنینەوە)… قورسە وا بڵێم، چەندین یاریزانی گەورە لەسەردەمەکانی ڕابردوودا بووونیان ھەبووە و لەئێستاشدا قورسە بەراوردی من و کریستیانۆ و نایمار و مباپێ بکرێت، چونکە ھەر یاریزانێکمان خەسڵەتی تایبەتیمان تێدایە، بەڕاشکاوی دەڵێم: نازانم کێ باشترین یاریزانی مێژووە، چانسی ئەوەم ھەبوو تۆپێکی زیاتر لە نزیکترین ڕکابەرم بەدەست بھێنم و ئەوەش زۆر دڵخۆشم دەکات.

ھەست دەکەیت لەگەڵ پیلێ و مارادۆنا و کرۆیف لە لوتکەدایت؟
ھەرگیز ئامانجم ئەوە نەبووە ڕۆژێک لەڕۆژان لەپاڵ ئەم ئەفسانەدا بم، ئامانجی من ئەوەبووە خۆم مێژوویەکی تایبەتی تۆمار بکەم، سبەینێ کە وازھێنانم راگەیاند جێدەستی خۆم بە تۆپی پێوە جێدەھێڵم، ئەوکاتە دەتوانین گفتوگۆی ئەوە بکەین ئایا من باشترینی مێژووم یان نا، بەڵام کاتێک بیر لەوە دەکەمەوە کە من وەک یەکێک لە باشترینەکانی مێژوو ھەژمار دەکرێم، خۆشحاڵ دەبم، ئەوە بەرزترین خەون بووە بە مێشکمدا ھاتبێت.

بابەتی پێشتر

ویلیان: لامپارد متمانەی گەڕاندۆتەوە و بەبێ ڕوونکردنەوە لە پەیامەکانی تێدەگەین

بابەتی دواتر

سۆڵشایەر: درۆتان لەگەڵ ناکەم، هەرگیز چاوەڕوانی ئەو ئەنجامە خراپانە نەبووم

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share