وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە ماوەی 24 كاتژمێری ڕابردوودا 926 كەسی نوێ تووشی كۆرۆنا بوون، 11 كەسیش بە هەمان هۆكار مردوون، تەندروستیی هەرێمیش دەڵیت، لە ساڵی 2021دا یەكەمجارە ئامارەكە بەو جۆرە هەڵكشێت.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێكدا لەبارەی ئاماری 24 كاتژمێری ڕابردووی پەتای كۆرۆنا، ئەمڕۆ یەكشەممە 28ی ئازار، ڕایگەیاند، “لە هەرێمی كوردستان 926 كەسی نوێ تووشی كۆرۆنا بوون، زۆرترین ژمارەی توشبوونیش لە پارێزگای هەولێر بووە كە 348 كەس توشبوون”.
لەبارەی مردن بە كۆرۆنا وەزارەتی تەندروستیی هەرێم ئاشكرایكردووە، “لەو ماوەیەدا 11 كەس لە هەرێمی كوردستان بە پەتای كۆرۆنا مردوون، شەش كەسیان لە هەولێر و سێ كەس لە سلێمانی و دوو كەسێكیش لە دهۆك بوون”.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكەی وەزارەتی تەندروستی، ژمارەی ئەو كەسانەی لە ماوەی 24 كاتژمێردا چاكبوونەتەوە، بریتین لە 298 كەس.
تەندروستیی هەرێم بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “لە ساڵی 2021دا بۆ جاری یەكەمە ڕێژەی مردن و توشبوون بگاتە ئەو ژمارە بەرزە و مەترسیی گەورەتریش هەیە”.
وتەبێژی تەندروستیی هەرێم ئاماژەی بەوەشكرد، “ڕێكاری نوێ لە زووترین كاتدا دەگرینە بەر بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی كۆرۆنا”.