توێژینەوەیەک: فێربوونی مۆسیقا تەندروستیی مێشک بەهێزدەکات

توێژینەوەیەکی نوێ ئاشکرایکردووە، فێربوون و ژەنینی مۆسیقا لە شەستەکانی تەمەندا دەکرێت مرۆڤ لە خەڵەفان و تێکچوونی تەندروستیی مێشک بەدووربگرێت.

بەپێی ڕۆژنامەی “دەیلی مەیڵ”ی بەریتانی، زاناکان بۆیان دەرکەوتووە، فێربوونی مۆسیقا لەلایەن خەڵکانی تەمەن شەست بۆ حەفتا ساڵەوە دەبێتە هۆی بەهێزبوونی ماددەی سپیی مێشک، واتە ئەو خانانەی کە لە کاتی دروستبوونی کێشەی یادەوەری و تەندروستیی مێشکدا لەناودەچن.

لە توێژینەوەیەکی زانکۆی هانۆڤەر لە ئەڵمانیا و زانکۆی جنێف لە سویسرا، زاناکان لێکۆڵینەوەیەکیان لەسەر 121 ژن و پیاو ئەنجامداوە کە تەمەنیان لە نێوان شەستەکان و حەفتاکاندا بووە و پێشتر هەرگیز ئامێرێکی مۆسیقییان نەژەنیوە، پێش و پاش تاقیکردنەوەکە پشکنین بۆ ناوچەی “fornix”ی مێشکیان ئەنجامدراوە.

هاوکاتیش گروپێکیان هەفتانە ماوەی یەک کاتژمێر وانەی ژەنینی پیانۆیان پێگوتراوەتەوە، لەگەڵ پڕۆگرامێکی مەشقکردنی ژەنیندا لە ماڵەوە، کە لایەنی کەم ڕۆژیی نیو کاتژمێر بخایەنێت، بەڵام گروپێکی تریان چوونەتە چەند کۆڕێکەوە سەبارەت بە مۆسیقا، هاوکاتیش ژەنین و گۆرانی و تەنانەت چەپڵەشیان لێقەدەغەکراوە.

لە ئەنجامدا ئەو گروپەی خەریکی فێربوونی مۆسیقابوون، بەشێکی زۆر کەمی چڕیی ماددەی سپیی ناو مێشکیان لەدەستدابوو، یان هیچیان لەدەستنەدابوو، ئەمەش ئاماژەیە بەوەی هیچ پاشەکشەیەکی تەندروستی لەئارادا نەبووە.

بەڵام ئەوانەی لە توێژینەوەکەدا ڕێیانپێنەدرابوو فێری مۆسیقا ببن، چڕیی ئەو ماددەیە لە مێشکیاندا دابەزیبوو، ئەمەش نیشانەیە بۆ پاشەکشەی تەندروستیی مێشک.

هەروەها لە ڕاپۆرتێکی گۆڤاری “Frontiers in Aging Neuroscience”دا هاتووە، فێربوونی مۆسیقا لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا دەکرێت سوودی مەزنی هەبێت، بەڵام فێرخوازان دەبێت کۆڵنەدەر و پابەند بن.

بابەتی پێشتر

وڵاتانی ئەوروپا پلانی وزەی خاوێن خێراتر دەکەن.. شەڕی ڕوسیا لە ئۆکرانیا هۆکارە

بابەتی دواتر

وەزیری تەندروستی: كێشەی دەرمان تازە نییە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share