ئەمریكا: تۆپەكە لە گۆڕەپانی ئێراندایە

ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ڕایدەگەیەنێت، وڵاتەكەی ئامادەیە بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێككەوتنی ئەتۆمی و دەشڵێت، تۆپەكە لە گۆڕەپانی ئێراندایە.

ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە وتەیەكدا كە ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی ئازار لەمیانەی بەشداری لە كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ناتۆ لە برۆكسل پێشكەشیكرد وتی، بەڕوونی دوپاتمانكردەوە كە ڕێگای بەردەم دیپلۆماسیەت لەئێستادا كراوەیە، كاتێك یەكێتی ئەوروپا پێشنیاری كۆكردنەوەی سەرجەم لایەنەكانی كرد بۆ تاوتوێكردنی ڕێگای گەڕانەوەمان، بە بەڵێ وەڵاممان دایەوە، بەڵام تائێستا ئێران بەشدارینەكردنی هەڵبژاردووە.

بلینكن وتیشی، “بۆیە تۆپەكە لە گۆڕەپانی ئەواندایە. پێویستە وەڵامبدەنەوە ئەگەر ئامادەن بۆ گەڕانەوە بۆ شێوازی دیپلۆماسی و پابەندبوون بە ڕێككەوتنەكە. ئەگەر ئەوە ڕویدا دەتوانین هەنگاو بنێین لە چوارچێوەی پرسە ناكۆكەكانی دیكە وەك تێكدانی سەقامگیریی وڵاتانی ناوچەكە و بەرنامەی موشەكی ئێران و پرسەكانی دیكە”.

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئاماژەی بەوەشكرد لە پەراوێزی كۆبوونەوەكەی برۆكسل لەگەڵ هاوتا ئەڵمانی و بەریتانی و فەڕەنسییەكەی گفتوگۆی كردووە و هەڵوێستی ئەوانیش دەربارەی دۆسیەكە نزیكە لە هەڵوێستی وڵاتەكەیەوە.

لە 18ی شوباتی ڕابردوو بلینكن هەریەك لە بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیای ئاگاداركردەوە كە ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ئامادەیە بۆ وتوێژ لەگەڵ ئێران دەربارەی گەڕانەوە بۆ ڕێككەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015.

ڕێككەوتنی ئەتۆمی هەنگاوێكی نێودەوڵەتییە بۆ زامنكردنی پەرەپێنەدانی چەكی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە، لەكاتێكدا پێشتر تاران چەندین جار دوپاتیكردوەتەوە كە توانای پەرەپێدانی ئەو جۆرە چەكەی هەیە، بەڵام هەوڵی بۆ نادات.

لە ساڵی 2019ەوە تاران پابەندییەكانی لە چوارچێوەی ڕێككەوتنەكە كەمكردەوە وەك وەڵامێك بۆ كشانەوەی ئەمریكا لێی لە سەردەمی دۆناڵد ترمپ-دا، كە ئێرانی بە پشتیوانیكردنی تیرۆر و هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی تۆمەتباركرد و بەهۆیەوە سزای ئابوریی قورسی بەسەردا سەپاند.

س: ئاژانسەكان

بابەتی پێشتر

چەمچەماڵ.. جۆرێكی چەتە و ڕێگری سەرهەڵدەدات و هۆشداری بە پیشەوەران دەدرێت

بابەتی دواتر

ڕوسیا ڕێككەوتنێك دەربارەی ئیدلب و حەلەب لەگەڵ توركیادا ڕادەگەیەنێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share