ئەوروپا، ئاسیا و ئەفریقا ئەگەری جەنگیان تێدایە
پێشبینییەکان بۆ جەنگ و ململانێکان لە 2022دا بێپێشینەیە

جەنگ و ململانێکان لەماوەی دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە بەرزبوونەوەی زۆری ‏بەخۆوە بینیوە، بەپێی داتاکان، لە دوو ساڵی ڕابردوودا لەگەڵ بڵاوبوونەوەی بەربڵاوی ‏ڤایرۆسی کۆرۆنا، کڕینی چەک لەلایەن وڵاتانەوە بۆ ئاستێکی بەرز زیادیکردووە، ‏ڕاپۆرتێكی بەریتانی ناوی چەند وڵاتێكی ئاشكرا و ڕیزبەند كردووە كە ئەگەری هەیە ‏لەمساڵدا تووشی جەنگ بن، زۆربەی وڵاتەكان لە كیشوەری ئاسیان، ئەوروپا و ‏ئەفریقاشیان تێدایە.‏

بەپێی ڕاپۆرتێک کە ڕۆژنامەی ئیندپێندنت-ی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە، ژمارەی ئەو ‏کەسانەی لەجیهاندا ئاوارەبوون بەهۆی جەنگ و ململانێکان و دۆخی سەختی ئابوری و ‏نائارامیی سیاسییەوە، خۆی دەدات لە 84 ملیۆن کەس. ‏

بەپێی نەتەوە یەکگرتووەکان، 274 ملیۆن کەس لەسەرتاسەری جیهاندا پێویستییان بە ‏هاوکاریی مرۆیی دەبێت لەساڵی 2022دا، کە ئەوەش چوار هێندەی ئەو ژمارەیەیە ‏لەماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا پێویستیان بەهاوکاریی مرۆیی هەبووە. ‏

بەپێی ڕۆژنامەکە، مایەی سەرسووڕمان نییە کە لە ئەمساڵدا جەنگ و ململانێ و ‏قەیرانەکان بەرەو بەرزبوونەوە بڕۆن، ناوی ئەو وڵاتانەشی ڕیزبەند كردووە كە دەکرێت ‏گەرمترین ڕووداوەکانی 2022 تیایاندا ڕووبدات.‏

تایوان

ئەم ناوچەیە کە ڕووبەرەکەی 36 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، تائێستا خەونی حزبی ‏شیوعیی حوکمڕانی پەکینە، لەگەڵ ئەوەی بەشێکی زۆر لە شارەزایان پێیانوایە لەمساڵدا ‏پەکین هێرش بۆسەر تایوان ئەنجامنادات، بەڵام لێدوانەکانی ئەم دواییەی بەرپرسانی پەکین ‏نیگەرانییەکی زۆری دروستکردووە.‏

ئالی وەین، توێژەر لەبواری وڵاتانی ئۆراسیا ڕایگەیاند، “ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی ‏لەسەر کێشەی تایوان لەمساڵدا ئەگەرێکی لاوازە”، لەگەڵ ئەوەشدا کۆڵین کلارک ‏شیکەرەوەی جیهانی و شارەزای ئەمنی لە سەنتەری سۆڤان بۆ ڕاوێژکاری لە واشنتۆن ‏ڕایگەیاندووە، هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی لەو ناوچەیە بۆ هەموو جیهان ‏وێرانکەر دەبێت، بۆیە ئەوێ یەکێکە لەو شوێنانەی دەبێت بەوردیی چاودێریی بکرێت. ‏

ئێران

وڵاتانی زلهێزی جیهان لە هەوڵی زیندووكردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی 2015دان، ‏جیهان چاودێریی ئەوەدەکات ئایا ئەو هەوڵانە سەرکەوتوودەبن یان نا؟ ‏

هەر هێرشێکی مووشەکیی ئیسرائیل بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران کاریگەریی ‏لەسەر ناوچەیەکی بەرفراوان دەبێت، بەتایبەت لەئێستادا کە سوپای پاسداران لەپاڵ ‏حکومەتەکەی ئیبراهیم ڕەئیسی-دا، دەستیان بەسەر هەموو دەسەڵاتەکانی وڵاتەکەدا ‏گرتووە، بۆ هەر جەنگێکیش لەداهاتوودا توانای ڕاکێشانی گروپە چەکدارەکانی سەربە ‏ئێرانی لە عێراق، سوریا و لوبنان هەیە.‏

کۆریای باکوور

ساڵی 2022 دەکرێت ئەو ساڵە بێت کە تیایدا توانای داینامیکیی کۆریای باکوور ‏کۆتاییبێت، ئەمەش هاوشان دەبێت لەگەڵ جەنگ، یان داڕمانی ئابوری، هەریەکە لەو دوو ‏حاڵەتەش دەبێتەهۆی کارەساتی مرۆیی لە کۆریای باكوور.‏

ئۆکرانیا

زیاتر لە حەوت ساڵە ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕوسیا هەوڵی ئەوەدەدات ‏فراوانخوازییەکانی لە هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا بەدیبهێنێت، کە ڕوسیا بە بەشێک لە ‏مێژووی سۆڤیەتی دادەنێت. ‏

لەگەڵ ئەوەدا کێشەی ئۆکرانیا بووەتە جێگەی بایەخی بەشێکی زۆر لە وڵاتانی ئەوروپا و ‏ئەمریکا و ناتۆ بە گشتی، کە دەکرێت هەر هەنگاوێکی سەربازیی ڕوسیا بەو ئاراستەیە ‏بەسوودی ئۆکرانیا بشکێتەوە بەهۆی پاڵپشتیی زۆری ناتۆ لە كیێڤ. ‏

ئەفغانستان

بەپێی بۆچوونی بەشێک لە شیکەرەوەکان، ئەفغانستان دەکرێت ببێتە ناوچەیەکی نوێی ‏جەنگ و ناکۆکی، هەرچەندە ئێستا لەسەردەمی حوکمی تاڵیباندا، لە ڕووی ئەمنییەوە ‏لەجێگیرییەکی کاتیدایە. ‏

بەهۆی ئەوەی ئێستا ژمارەیەکی زۆری دانیشتووانی ئەفغانستان لەقەیرانی خۆراکدان، ‏ئەمەش پێشبینییەکان بەرەو ئەوەدەبات کە لەمساڵدا ئاوارەبوون و کۆچ لە ئەفغانستان بۆ ‏ئاستێکی پێوانەیی بەرزبکاتەوە و کاریگەریی لەسەر سەقامگیریی ئابوری و ئەمنی ‏هەبێت. ‏

بەشێکی كیشوەری ئەفریقا

شەڕ و ناکۆکییەکانی ئەمدواییەی ئەسیوپیا، سودان و سۆماڵ و بەشێکی دیکە لە ‏ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا نیگەرانیی لای چاودێران دروستکردووە، لەوبارەیەوە جۆرج ڕیدینجز ‏دەڵێت، “دۆخی ئێستای ئەو وڵاتانە زۆر نیگەرانکەرە، لەمساڵدا زیادبوونی ئاڵۆزییەکان ‏لەگەڵ دەستێوەردانی نێودەوڵەتی زیاتر دەبێت، هاوشانی ئەوەش کارەساتی وشکبوونەوە و ‏بێئاوی لەو ناوچانە دەبینین”، بەپێی ڕاپۆرتەكەی ئیندپێندنت.‏

لیبیا

لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردنەکان لە لیبیا، کە بڕیاربوو لە مانگی ڕابردوودا ئەنجامبدرێت، ‏هەروەها بوونی گرووپە چەکدارەکان لەسەرتاسەری وڵاتەکەدا، لیبیا تائێستاش ناوچەیەکی ‏جێگە نیگەرانی و ئاڵۆزییە لەلای وڵاتانی جیهان. ‏

بەپێی چاودێران، قوڵبوونەوەی ناکۆکییەکان و شەڕی تائیفی لە وڵاتەکە بەردەوام دەبێت ‏لەبەرزبوونەوە، ئەمەش شەپۆلێکی کۆچ و ئاوارەبوون لەدەست جەنگ، هەژاری و ‏برسێتی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.‏

بابەتی پێشتر

ئاماری هاتنی گەشتیاران بۆ هەرێم لەماوەی پشووی سەری ساڵدا ئاشكراكرا

بابەتی دواتر

چاكبووەكانی ئۆمیكرۆن بەرگرییان بەرامبەر گۆڕاوەکانی دیکە هەیە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share