سێ ڕۆژە تیمەكانی مەلەوانی و بەرگریی شارستانی، بەدوای تەرمی ئەو گەنجەدا دەگەڕێن كە یەكەم ڕۆژی نەورۆز لە ئاوی زێی بچووك لە دوكان خنكا.
ڕۆژی یەكشەممە 21ی ئازار كە یەكەم ڕۆژی نەورۆز بوو، گەنجێكی تەمەن 23 ساڵ لە ئاوی زێی بچووك لە دوكان خنكا و تا ئێستا تەرمەكەی نەدۆزراوەتەوە.
پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستا ئەمڕۆ سێشەممە 23ی ئازار، لەو شوێنەی گەنجەكەی لێ خنكا ڕایگەیاند، لە یەكەم ڕۆژی نەورۆزەوە تا ئیستا تیمەكانی مەلەوانی و بەرگریی شارستانی سەرقاڵی گەڕانن بەدوای تەرمی ئەو گەنجەدا.
كەسوكاری ئەو گەنجە لە شوێنی خنكانەكەن و چاویان لە دۆزینەوەی تەرمی كوڕەكەیانە.
هەرچەندە كەشوهەوا لەبار نییە، بەڵام پرۆسەی گەڕان بەدوای تەرمەكەدا بەردەوامی هەیە.
ئەندامێكی ئەو تیمە خێرخوازییەی كە سەرقاڵی گەڕانن بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “شوێنی خنكانەكە بەجۆرێكە كە ئەستەمە بە ژێرئاو بدۆزرێتەوە، دەبێت چاوەڕان بین تا تەرمەكە خۆی بێتە سەرەوە”.