تەنها پارتی هێرشەكەی مەتینی خستە ئەستۆی پەكەكە

جگە لە پارتی، هیچ حزبێكی سەرەكی لە هەرێمی كوردستان ڕاگەیەندراوی لەبارەی هێرش بۆسەر پێشمەرگەكانی زێرەڤانی بڵاونەكردەوە.

دوای ئەوەی ڕۆژی شەممە ئۆتۆمبێلێكی هێزەكانی زێرەڤانی لە چیای مەتین كرایە ئامانج و بەو هۆیەوە پێنج پێشمەرگە شەهید بوون و ژمارەیەكی دیكەش بریندار بوون، دواتر بە پشتبەستن بە قسەی هێزەكە، وەزارەتی پێشمەرگە و لیژنەی پێشمەرگەی پەرلەمان ڕایانگەیاند، هێرشەكە لەلایەن گەریلاكانی پەكەكەوە ئەنجامدراوە.

لەو چوارچێوەیەدا، جگە لە هەڵوێست و بەیاننامەی سەرۆكی هەرێم، سەرۆكی حكومەت، سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان، لە پارتە سیاسییە سەرەكییەكانی هەرێمی كوردستان، جگە لە پارتی دیموكراتی كوردستان، هیچ لایەنێكی دیكە ڕاگەیەندراوی لەبارەی هێرشەكەوە نەبوو.

پارتی لە ڕاگەیەندراوەكەیدا بەڕوونی پەكەكە بە ئەنجامدانی هێرشەكە و شەهیدكردنی پێشمەرگەكان تۆمەتبار دەكات، تەنانەت بوونی سەربازیی توركیاش لە هەرێمی كوردستان دەبەستێتەوە بە بوونی پەكەكە لە قەندیل، بۆیە بەیاننامەیەكی توندی دژی هێرشەكە و پەكەكە بڵاوكردەوە، بەڵام جگە لە پارتی، هیچ لایەنێكی دیكەی سیاسی ڕاگەیەندراوی لەبارەی هێرشەكە نەبوو و پەكەكەیان بە ئەنجامدانی هێرشەكە تۆمەتبار نەكرد.

ئەمە جگە لەوەی خودی هێزەكانی پاراستنی گەل – هەپەگە، كە باڵی سەربازیی پەكەكەیە، دووجار ڕەتیكردەوە هێرشەكەی سەر هێزەكەی زێرەڤانی لەلایەن گەریلاوە ئەنجامدرابێت، تەنانەت داواشدەكات لیژنەیەكی هاوبەش، یان سەربەخۆ لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە بكات و ئەوە یەكلابكاتەوە، چ لایەنێك هێرشەكەی ئەنجامداوە.

بابەتی پێشتر

ڤیدیۆ.. بەهۆی پێکدادانی دوو شەمەندەفەرەوە لە پاکستان 30 کەس گیانیان لەدەستدا

بابەتی دواتر

حکومەتی سوریا لەبارەی سەردانی شاندێكی هۆڵەندی و فەرەنسی بۆ ڕۆژئاوا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share