دەمیرتاش: هەوڵی ئەردۆغان بۆ قەدەغەكردنی هەدەپە نایاساییە

سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی پارتی دیموكراتی گەلان

هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە لە بەندینخانەوە دەڵێت، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان هەوڵدەدات بەشێوەی “نایاسایی” كاركردنی پارتی دیموكراتی گەلان قەدەغە بكات وەك هەوڵێك بۆ زامنكردنی بردنەوە لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا.

سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) لە وەڵامێكی نوسراودا بۆ ژمارەیەك پرسیاری ئاژانسی (فڕانس پرێس) وتی، هۆكاری سەرەكی كە وایانلێدەكات هەوڵ بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەدەپە بدەن، ڕەخساندنی بوارە بۆ بردنەوەی (هاوپەیمانی گەل) لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا كە بڕیارە لە 2023 ئەنجامبدرێت.

دەمیرتاش لە بەندینخانەكەیەوە لە ئەدرنە لە باكووری ڕۆژئاوای توركیا وتیشی، “تەنها ئەم هۆكارە بەسە بۆ ئەوەی دۆسیە بەرزكراوەكەی دژ بە پارتی دیموكراتی گەلان نایاسایی و ناشەرعی بێت”.

(هاوپەیمانی گەل) هەریەك لە پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار و پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی-ی هاوبەشی لەخۆدەگرێت، كە بەپێی ڕاپرسییەكان ئاستی جەماوەریی لە دابەزیندایە.

دەمیرتاش كە پێشتر دوو جار لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتیدا كێبڕكێی ئەردۆغان-ی كردووە، لە ساڵی 2016ەوە بەندكراوە سەرەڕای داواكارییەكانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بۆ ئازادكردنی.

لەئێستاشدا پارتەكەی لە بەردەم مەترسی قەدەغەكردن و هەڵوەشاندنەوەدایە پاش ئەو تۆمەتانەی لەلایەن داواكاری گشتیی وڵاتەكەوە ئاراستەی كراوە و خراوەتە بەردەم دادگای دەستوری.

دەمیرتاش هیوای ئەوەشی خواست “دادگای دەستوری شەرعیەت بەو هەڵسوكەوتە ناعەقلانییە نەدات و دۆسیەكە ڕەتبكاتەوە”.

پێشتر هاوپەیمانی ڕۆژئاواییەكانی توركیا هەوڵەكانی هەڵوەشاندنەوەی هەدەپەیان ئیدانەكرد، هەروەك ویلایەتە یەكگرتووەكان ڕایگەیاند، هەوڵی لەوجۆرە زیان بە دیموكراسیەت لە توركیا دەگەیەنێت و یەكێتی ئەوروپاش بە “پێشێلكردنی مافی ملیۆنان دەنگدەر” ناویبرد.

پێشتر توركیا چەندین پارتی لایەنگری پرسەكانی كوردی بە تۆمەتی پەیوەندیداربوون بە پارتی كرێكارانی كوردستان قەدەغەكردووە.

لای خۆیەوە دەمیرتاش تۆمەتەكانی ڕەتكردەوە و وتی، “ئەو ئاستەنگانەی لە ڕێگاماندا دادەنرێن هەرچۆنێك بن، سیاسەتمان بەرەو پێشكەوتن بەردەوام دەبێت. لە تەنها پرسێكدا دڵنیاین كە ئەویش ئەوەیە واز لە مافی سیاسەتی دیموكراسی ناهێنین”.

هەدەپە كە سێیەم گەورە پارتە لە توركیا ساڵانێكە لەبەردەم فشاری دەسەڵاتدارانی ئەنقەرەدایە و بەهۆیەوە تائێستا دەیان پەرلەمانتار و سەركردەی حزبەكە دەستبەسەركراون.

بابەتی پێشتر

دۆرتمۆند و نەرویج لەسەر هالاند کێشەیان بۆ دروستبووە

بابەتی دواتر

ئەو هۆکارانەی بەرشلۆنەی کومانیان گەیاندە ئاستێکی بەرز

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ماتۆرسوارێك گیانیلەدەستدا

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان رایدەگەیەنێت، لە رووداوێكی هاتوچۆدا لەسەر رێگای كەلار-ناحیەی رزگاری لەنێوان ئۆتۆمبێلێك و و ماتۆرسكیلێكی سێ تایەدا…
Total
0
Share