وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، بۆ چالاککردن و دروستکردنی جموجوڵ بۆ وەبەرهێنان ڤیزای بۆ دانیشتوانی دەیان وڵات هەڵگرتووە و خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی کە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە ڕۆژنامەی سەباحی ڕاگەیاندووە، وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و یەکێتی ئەوروپا، کۆریای باشور، کەنەدا، ئوسترالیا، نیوزلەندا، سویسرا لە وەرگرتنی ڤیزا بەخشراون و لەمەودوا دانیشتوانی ئەو وڵاتانە بەبێ ڤیزا دەتوانن سەردانی وڵات بکەن.
لەسەر ئەو بڕیارەی حکومەتی عێراق، زاری لیوا خالید میحنا وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە، ” بڕیاری حکومەت لە رێگەدان بەهاتنەناوەوەی دانیشتوانی ئەو وڵاتانە و گەشتیارانی 37 وڵاتی بیانی بڕیارێکی بوێرانەیە و بڕیارەکە بە ئامانجی چالاکترکردن و بەرەوپێشبردنی کەرتی وەبەرهێنانە لە عیراقدا لە پێناو پشتیوانی کردنی ئابوری عێراق”.
بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەکە گەشتیاران لە رێگەی دەروازە وشکانی و ئاوی و ئاسمانییەکانەوە دەچنە ناو عێراق و لەبەرامبەردا بۆ هەرکەسێک تەنها 75 دۆلار وەردەگیرێت بۆ بەڕێکردنی کارە یاسایی و ئیدارییەکان بۆ ماوەی دوو مانگ.
پێشتر ئێرانیش لە ڕێگەی میدیاکانییەوە ڕایگەیاندبوو لەگەڵ حکومەتی عێراقی لە گفتوگۆدان بۆ هەڵگرتنەوەی ڤیزای نێوانیان کە پێشووتر ئەو بڕیارە جێبەجێکراوە.