پاڵێوراوی دیموكراتەكان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمریكا جارێكی تر پێش دۆناڵد ترەمپ كەوت، ئەوەش بەپێی دوایین ڕاپرسی كە میدیاكانی ئەو وڵاتە بڵاویانكردووەتەوە.
بەپێی ڕاپرسییەكی دیكەش، توشبوونی ترەمپ بە كۆرۆنا نەبووەتە هۆی زیادبوونی ئاستی جەماوەرییەكەی.
ڕاپرسی یەكەمیان لە دوو ڕۆژی پاش مێزگردەكەی ڕۆژی سێشەممە 29ی ئەیلول ئەنجامدرا، واتە بەر لەوەی توشبوونی ترەمپ بە كۆرۆنا دەربكەوێت.
بەپێی بلۆمبێرگ، بایدن لە ڕاپرسی نیشتیمانییدا 53%ی بەدەستهێناوە لە بەرامبەر 39% بۆ ترەمپ، كە پێشتر و لە تەموزی ڕابردوودا جیاوازی نێوانیان 11% بوو.
لەلایەكی ترەوە ڕاپرسییەك كە بەكەمتر زانستی دادەنرێت و لەڕێی ئینتەرنێتەوە (رۆیتەرز/ ئاپسۆس) لە 2 و 3ی تشرینی یەكەمدا ئەنجامیانداوە، نەبوونی هاوسۆزی بۆ ترەمپ دەردەكەوێت و 9 كەس لە كۆی 10ی دیموكراتییەكان و 8 لە كۆی 10ی كۆمارییەكان دەڵێن سەرۆك دەیتوانی خۆی لە توشبوون بە نەخۆشییەكە بپارێزێت.
لەو ڕاپرسییەدا 51%ی بەشداربووان پشتیوانیی خۆیان بۆ بایدن و 41%یان پشتیوانییان بۆ ترەمپ نیشانداوە و 4%یشیان دەنگیان بۆ پاڵێوراوی حزبی سێیەم بووە و 4%ەكەی دیكەش هێشتا بڕیاریان نەداوە.