بانكی ناوەندیی عێراق بڕی ئەو دراوە بیانییەی ئاشكراكرد كە وەك یەدەگ لە بانكەكەدا بوونی هەیە، نزیكەی 56 ملیار دۆلارە.
ئەمڕۆ سێشەممە 16ی ئازار، بەرپرسێكی بانكی ناوەندیی عێراق بە ڕۆژنامەی فەرمیی وڵاتەكەی ڕاگەیاندووە، “یەدەگی دراوی بیانی لە عێراق هێشتا لە ئاستێكی گونجاودایە، هەرچەندە كۆی ئەو یەدەگەش لە ساڵی 2020دا بە ڕێژەی 20% دابەزی، بەڵام ئێستا نزیكەی 56 ملیار دۆلار دەبێت”.
ئەو بەرپرسە ئاشكراشیكردووە، “بە بەهای نزیكەی 5 ملیار و 703 ملیۆن دۆلار یەدەگی زێڕ هەیە، هیچ پلانێكیش نییە بۆ بەرزكردنەوەی وەبەرهێنانی لە زێڕدا”.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، “دراوی یوانی چینی یەكێكە لەو دراوانەی كە وەبەرهێنانی پێوە دەكرێت و وەك یەدەگی بیانی لە بانكی ناوەندی هەیە”.
سەبارەت بە نرخی دراوە بیانییەكان، بەرپرسەی بانكی ناوەندی ڕایگەیاندووە، “بانكی ناوەندیی عێراق پارێزگاری لە جێگیركردنی نرخەكانی دراوەكان دەكات لە بازاڕدا”.