پارێزگای سلێمانی و وەزارەتی كۆچی عێراق پلانێكیان بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان دانا

پلانێكی هاوبەش لەنێوان پارێزگای سلێمانی و وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق دانراوە، بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان.

ئەمڕۆ یەكشەممە 14ی ئازار، هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا كە لەگەڵ ئیڤان فایەق، وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق سازكرابوو، ڕایگەیاند، “گەیشتووینەتە ڕێككەوتن لەسەر پلانێكی هاوبەش لەبارەی ئاوارەكانەوە”.

پارێزگاری سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، “ئێمە بە هیچ جۆرێك لەگەڵ ئەوەدا نیین بەزۆر ئاوارەكان بگەڕێندرێنەوە زێدی خۆیان، بەڵكو دەبێت گەڕانەوەیان ئارەزوومەندانە بێت، پێمان وتوون وەك كورد ئێمە دەرگا بۆ هاتنی میوان ئاوەڵا دەكەین بەڵام بۆ ڕۆشتنیان دەبێت خۆیان دەرگاكە بكەنەوە”.

هەڤاڵ ئەبوبەكر ئاماژەی بەوەشكرد، “لەو پارەیەی لە ساڵی 2014ەوە بۆ ئاوارەكان لە سنووری پارێزگای سلێمانی تەرخان كراوە، 800 ملیۆن دینار ماوەتەوە، ڕەزامەندیمان وەرگرتووە كە ئەو پارەیە پاش پاكتاوكردنی بۆ چەند پرۆژەیەكی خزمەتگوزاری لەو گەڕەكانە بەكاردەهێندرێت كە ئاوەرەكانی تێدا نیشتەجێن”.

لای خۆشییەوە، وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق وتی، “لە سەردانمان بۆ سلێمانی بۆمان دەركەوت، خواستێكی زۆر لەنێو ئاوارەكاندا هەیە بۆ گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان، بۆ ئەو مەبەستە كۆبووینەوە و پلانێكمان داناوە، بۆ گەڕانەوەی ئەو كەسانەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە”.

بابەتی پێشتر

گەرمیان: مێردمنداڵێک بەكوژراوی دۆزرایەوە

بابەتی دواتر

وەزارەتی نەوتی عێراق: هەرێم هیچ بڕە نەوتێكی ڕادەست نەكردووین

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share