مەسعود بارزانی بۆ تیمی پارتی لە حكومەتی هەرێم: خزمەتكاری خەڵك بن

مەسعود بارزانی لەگەڵ تیمی وزاری پارتی كۆبووەوە و داوای لێكردوون، “پێویستە هەمووتان خۆتان بە خزمەتكاری گەلی كوردستان بزانن و دەبێت لە ناو چین و توێژەكانی كۆمەڵگە و خەڵكی هەژاری وڵاتدا بن”.

ئەمڕۆ شەممە 13ی ئازار، مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سەلاحەدین، لەگەڵ سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و تیمی پارتی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.

بارەگای بارزانی لەبارەی كۆبوونەوەكەوە ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردووەتەوە و ئاماژەی بەوەكردووە، “لە كۆبوونەكەدا سەرەتا مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی كوردستان كورتەیەكی لەبارەی كار و بەرنامەكانی حكومەت و هەنگاوەكانی پڕۆسەی چاكسازی لە بواری كەرتی نەوت و پێشمەرگە و بوارە جیاجیاكانی تر و هەنگاوەكان بۆ زیادكردنی داهاتی حكومەت و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بۆ هاوڵاتیان خستەڕوو”.

ئەوەش خراوەتەڕوو، “مەسرور بارزانی جەختیشی لەوە كردەوە كە كابینەی حكومەتی هەرێم وەك تیمێكی هەماهەنگ و پتەو و بە بێ جیاوازیی نێوان لایەنە پێكهێنەرەكانی كاروبارەكانی خۆی بەڕێوە دەبات و هەوڵی ئەوەش دەدات كە بۆ دابینكردنی داهات و خزمەتكردنی خەڵك پشت بە خۆی و تواناكانی هەرێم ببەستێت”.

لەو كۆبوونەوەیەدا مەسعود بارزانی دەستخۆشی لە تیمەكەی پارتی لە حكومەت كردووە و ڕاگەیاندووە، “پێویستە هەمووتان خۆتان بە خزمەتكاری گەلی كوردستان بزانن و دەبێت لەناو چین و توێژەكانی كۆمەڵگە و خەڵكی هەژاری وڵاتدا بن و هەموو هەوڵەكان لە دەوری ئەوەدا چڕ ببێتەوە كە دەستەڵات بە دروستی و بۆ خزمەتی جەماوەر بە كار بهێندرێن”.

بارزانی ئاماژەی بەوشكردووە، “ڕێبازی بارزانی ڕێبازی خزمەتكردنی خەڵكە و پێویستە خەڵكی كوردستان كەرامەتی خۆی لە حكومەتەكەی خۆیدا ببیننەوە”.

“لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، مەسعود بارزانی، پشتیوانیی خۆی بۆ حكومەتی هەرێم دووپات كردەوە و داوای كرد كە حكومەت بە پێداگری و هێزەوە لەسەر پڕۆسەی چاكسازی بەردەوام بێت و ئامادەیی خۆشی ڕاگەیاند كە بۆ سەرخستنی پڕۆسەی چاكسازی ئەوەی پێویست بێت یارمەتیدەری حكومەتی هەرێم دەبێت”، وەك لە ڕاگەیەندراوەكەی بارەگای بارزانیدا هاتووە.

بابەتی پێشتر

هەوڵەکانی لاپۆرتا بۆ هالاند هەشت یاریزانی بەرشلۆنە دەکاتە قوربانی

بابەتی دواتر

کریستیانۆ لە یوڤانتۆس ستەمکارە یان ستەملێکراو؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share