ئەمڕۆ هەینی 12ی ئازار، بەرپرسێكی داعش لە ئەنبار و 15 تۆمەتبار لە بەغداد دەستگیركران.
بەڕێوبەڕایەتیی هەواڵگریی عێراق ڕایگەیاند، “بەرپرسی تەقینەوەكان و بۆمبڕێژكردنی ئۆتۆمبیلەكانی داعش لە ئەنبار دەستگیركرا.”
ڕوونیشیكردەوە كە ئەو بەرپرسەی داعش لە ئۆپەراسیۆنێكی نهێنیدا كە پشتی بە زانیاریی هەواڵگریی ورد بەستبوو، لە دۆڵی غەزف لە بیابانی ئەنبار گەمارۆدراوە و دواتر دەستگیركراوە.”
بەڕێوبەڕایەتیی هەواڵگریی عێراق لە ڕاگەیەندراوێكدا ڕوونیشیكردەوە كە دەستگیركراوەكە بەپێی مادەی 4ی تیرۆر لەلایەن دادگای عێراقییەوە بڕیاری دەستگیركردنی هەبووە و لە یاسا هەڵهاتبوو.
هاوكات وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەمڕۆ هەینی ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، “15 تۆمەتبار لە بەغداد لەلایەن هێزەكانی پۆلیسەوە دەستگیركراون.”
ڕوونیشیكردەوە كە “یەكێك لە دەستگیركراوەكان تۆمەتبارە بە تاوانی كوشتن و سیانیشیان تۆمەتی ساختەكارییان دراوەتەپاڵ.”