بەگوێرەی پێشبینییەكانی كەشناسی، ئەمڕۆ هەینی 12ی ئازار، شەپۆلێكی خۆڵبارین كە هاوكات دەبێت لەگەڵ دابەزینی پلەكانی گەرما، ناوەڕاست و باشووری عێراق و وڵاتانی كەنداوی عەرەبی دەگرێتەوە.
دامەزراوە و فەرمانگەكانی كەشناسی لە هەریەك لە عێراق، كوەیت و سعودیە پێشبینییان كردووە بەشێك لە ناوچەكانی وڵاتەكانیان شەپۆلێكی چڕی خۆڵبارین ڕوویان لێبكات، هاوكاتی ئەوەش بەهۆی هاتنی نزمە پاڵەپەستۆیەكی هەوایی لە ئەوروپاوە، پلەكانی گەرما نزم ببنەوە.
بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی شەپۆلی خۆڵبارینەكە، حه‌سه‌ن ته‌میمی، وه‌زیری ته‌ندروستی و ژینگه‌ی عێراق ڕۆژی پێنجشه‌ممه 11ی ئازار، ناوه‌نده ته‌ندروستییه‌كانی عێراقی راسپارد ئاماده‌كاری بكه‌ن بۆ بەتەنگەوەچوونی ڕوداوە له‌ناكاوه‌كان، بە تایبەت ئەو ڕوداو و دۆخە تەندروستییانەی بەهۆی خۆڵبارین و دروستبوونی تەنگەنەفەسییەوە دووچاری هاوڵاتییان دەبنەوە.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی عێراق، حه‌سه‌ن ته‌میمی فه‌رمانگه ته‌ندروستییه‌كانی به‌غداد و پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری راسپاردووه، ڕێوشوێنی پزیشكی و چاره‌سه‌ره پێویسته‌كان بۆ نه‌خۆش و حاڵه‌ته فریاگوزارییه‌كان بگرنه‌به‌ر، بۆئه‌وه‌ی بتوانرێت چاره‌سه‌ری ئه‌و كه‌سانه بكرێت كه بەهۆی خۆڵبارینەوە دووچاری ته‌نگه‌نه‌فه‌سی ده‌بنەوە.