دەستەی دەروازە سنوورییەكانی عێراق ڕایگەیاند، “دەستگیراوە بەسەر ژمارەیەكی زۆر لە هێلكەی ئێرانیدا كە بە قاچاخ دەهێرانە خاكی عێراقەوە.”
لە ڕاگەیەندراوێكدا ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ی ئازار، دەستەی دەروازە سنوورییەكانی عێراق ئاشكرایكرد، “لە دەروازەی سنووریی زڕباتی دەستگیراوە بەسەر زیاتر لە 2100 كارتۆن هێلكەدا.”
ڕوونیشیكردەوە كە “ئەو بارە هێلكانە لە سێ ئۆتۆمبیلی بارهەڵگردابوون بەشێوەیەكی قاچاخ لە ئێرانەوە هێنرابوون، بەڵام لەلایەن تیمەكانی دەروازە سنوورییەكەوە بارەكان ئاشكراكراون و دەستیان بەسەرداگیراوە.”
دەستەی دەروازە سنوورییەكانی عێراق دەڵێت، “هێنانی ئەو هێلكانە پێچەوانەی یاسا بووە، چونكە پێچەوانەی سیاسەتی پاراستن و برەودانە بە بەرهەمی خۆماڵی.”
ڕۆژانە لە دەروازە سنوورییەكانی عێراقدا كە هاوسنوورن لەگەڵ ئێران، چەندین باری هێلكە و گۆشت و خواردەمەنی تر دەستیان بەسەردا دەگیرێن.