كازمی لیژنەكەی پێكهێناوە.. دادگای فیدراڵی لیژنەی بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و تاوانی هەڵوەشاندەوە

دادگای فیدراڵیی عێراق، بڕیارێكی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی بە نادەستووری پێناسەكرد و “لیژنەی بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و تاوانە گرنگەكان”ی هەڵوەشاندەوە.

لە پاییزی ساڵی 2020دا، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە بڕیاری ژمارە (29) لیژنەیەكی پێكهێنا بۆ “بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و تاوانە گرنگەكان”، سەرۆكایەتیی لیژنەكەی سپارد بە فەریق – ئەحمەد ئەبو ڕەغیف فەرماندە لە دەزگای دژەتیرۆر، لەو كاتەوە تا ئێستا لیژنەكە چەند چالاكییەكی ئەنجامداوە و ژمارەیەك كاربەدەست بە تۆمەتی تێوەگلان لە گەندەڵی دەستگیركراون، لەوانە ئەحمەد ساعیدی سەرۆكی پێشووی دەستەی نیشتمانیی خانەنشیی عێراق.

ئەمڕۆ چوارشەممە دادگای فیدراڵیی عێراق، ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت، بڕیارەكەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران بۆ پێكهێنانی ئەو لیژنەیە، بڕیارێكی نادەستوورییە.

بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی لیژنەكەی هەڵوەشاندەوە و لە ئەمڕۆ 2ی ئازارەوە بە هەڵوەشاوە ئەژماردەكرێت.

لەبارەی هۆكاری بڕیارەكەیەوە، دادگای فیدراڵی ڕایگەیاندووە، “لیژنەكە حوكمەكانی ماددەی (37/ یەكەم/ 1)ی دەستووری پێشێلكردووە كە پاراستنی ئازادیی مرۆڤ و شكۆی دەستەبەردەكات”.

“لیژنەی بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و تاوانە گرنگەكان” تۆمەتباركراوە بە ئەشكەنجەدان و زۆركردن لە تۆمەتباران بەمەبەستی وەرگرتنی زانیاری لێیان و ناچاركردنیان بە دانپێدانان.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

لە عێراقەوە لیژنەیەک لەسەر رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە هەولێر پێکهێندرا

سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بە وەکالەت پێکهێنانی لیژنەیەکی بەدواداچوونی لە راستییەکانی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە شاری هەولێری راگەیاند. فەرمانگەی راگەیاندنی…
Total
0
Share