ڕۆحانی: واشنتن هیچ هەنگاوێكی كرداری بەرەو ڕێككەوتنی ئەتۆمی نەناوە

حەسەن ڕۆحانی، سەرۆككۆماری ئێران

سەرۆكی ئێران ڕایدەگەیەنێت، ویلایەتە یەكگرتووەكان هیچ هەنگاوێكی كرداری بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێككەوتنی ئەتۆمی نەناوە.

حەسەن ڕۆحانی، سەرۆككۆماری ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە 10ی ئازار لەمیانەی پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بۆریس جۆنسۆن، سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا وتی، “ئەمریكا وا نیشاندەدات كە دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ ڕێككەوتنی ئەتۆمی، بەڵام هیچ هەنگاوێكی كرداری لەو ڕووەوە نەناوە”.

وتیشی، هیچ بژاردەیەك لەبەردەم واشنتن-دا نییە جگە لە هەڵگرتنی سزاكان و گەڕانەوە بۆ پابەندییەكانی ڕێككەوتنی ئەتۆمی. ئاماژەی بەوەشكرد، “سیاسەتی ئێران پشتبەستە بە كار لەبەرامبەر كار”.

سەرۆكی ئێران ئەوەشی خستەڕوو، پابەندنەبوونی لایەنی ئەوروپیش بە بەڵێنەكانی، متمانەی ئێرانییەكانی بە ئەوروپا لەدەستداوە و بەهۆیەوە هەنگاوە دیبلۆماسییەكانی لەگەڵیدا بەرتەسك كردووەتەوە.

جەختی لەسەر ئەوەشكردەوە، ئەمریكا بە وتوێژ لە ڕێككەوتنی ئەتۆمی نەكشاوەتەوە تا بە وتوێژ بگەڕێتەوە بۆی.

دەربارەی ڕۆڵی ئێرانیش لە ناوچەكەدا ڕۆحانی وتی، “ناكرێت قەڵەمڕەویی هەرێمایەتی ئێران نادیدەبگیرێت، تاران ئامادەیە بۆ چارەسەری گرفتەكانی ناوچەكە بە هەماهەنگی هەرێمایەتی و پتەوكردنی ڕۆڵی نەتەوەیەكگرتووەكان”.

هەروەك تێوەگلانی وڵاتەكەشی لە هێرشەكانی ئەمدواییەی عێراق ڕەتكردەوە و وتی، “هێرشەكانی ئەمدواییە بۆ سەر هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی مایەی گومانە”، و باسی لەوەشكرد وڵاتەكەی داوای لە حكومەتی عێراق كردووە لێكۆڵینەوە لە پرسەكە بكات.

س: RT

بابەتی پێشتر

بكوژی باوكی چالاكوانەكە دەستگیركرا

بابەتی دواتر

دوو خوێندكاری عێراقی هەڵە لە دوو كتێبی كۆلێژی پزیشكیدا ئاشكرا دەكەن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share