بەرپرسانی تونس ڕایدەگەیەنن، لانیكەم 39 كۆچبەر بەهۆی نقومبوونی بەلەمەكەیانەوە لە نزیك كەناراوی وڵاتەكەیان گیانیان لەدەستداوە، لەكاتێكدا دەیانویست خۆیان بگەیەننە دورگەی لامبیدۆزا-ی ئیتاڵی.
محەمەد زكری، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی تونس ڕایگەیاند، ئێشكگری كەناراوەكان 165 كۆچبەریان ڕزگاركردووە و تائێستاش پڕۆسەی گەڕان بەدوای ڕزگاربووانی دیكە لە نزیك كەناراوەكانی سفاقس درێژەی هەیە.
دەربارەی ئەو 39 كۆچبەرەش كە بە خنكاوی دۆزراونەتەوە ئاشكرایكرد كە سەرجەمیان خەڵكی ئەفریقیای باشووری بیابانن.
كۆچبەران شەوی دووشەممە یان بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە سوار بەلەم بوون بە ئامانجی گەیشتن بە ئەوروپا بەشێوەی نایاسایی.
هێڵی كەناراوی نزیك لە شاری سفاقس-ی تونسی بووەتە خاڵی دەرچوونی سەرەكی ئەو كەسانەی لە ململانێ و هەژاری ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵدێن و وێڵی ژیانێكی باشترن لە ئەوروپا.
لە ساڵی 2019ش نزیكەی 90 كۆچبەر نقومبوون پاش هەڵگەڕانەوەی بەلەمەكەیان لە نزیك كەناراوەكانی تونس، پاش ئەوەی لە لیبیاوە بەرەو ئەوروپا كەوتبوونە ڕێ.
س: ئەلحوڕە