ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە كۆبوونەوەیەكدا، ڕەشنوسی پێدانی مۆڵەتی خوێندنی پەسەند كرد كە لەلایەن وەزیری خوێندنی باڵاوە ئامادە كرابوو.
ئەمڕۆ چوارشەممە 10ی ئازار، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كۆبووەوە و لە ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكەدا هاتووە، “لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، پیرۆزبایی لە کوردستانییان کرد بە بۆنەی ڕۆژی جلی نەتەوەیی کە چەند ساڵێکە هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان، لە ڕۆژی 10ی ئازار، بە ڕێورەسمی جیاواز، ڕێز لە جلی نەتەوەیی خۆیان دەگرن”.
سەرۆکوەزیرانی هەرێم، ئاماژەی بە سەردانی پاپای ڤاتیكان كردووە و بە سەردانێکی گرنگ و مێژوویی ناوبردووە و وتویەتی، “ئەم سەردانە دووپاتیکردەوە کە هەرێمی کوردستان، مەڵبەندێکی گرنگیی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەیە لە ناوچەکەدا، دەستخۆشیشی لە ڕێکخەران و دەزگا پەیوندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە تایبەتی هێزە ئەمنییەکان کرد، بۆ سەرخستنی سەردانەکە کە سەرکەوتووانە لە کەشێکی ئارامدا بەڕێوەچوو”.
لە ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، “هەر یەک لە پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی و سەفین دزەیی، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، ڕاپۆرتێکیان دەربارەی سەردانی قەداسەتی پاپا و گرنگیی سەردانەکە و دەرئەنجامەکانی بۆ هەرێمی کوردستان خستەڕوو”.
لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، دوا ڕەشنوسی پڕۆژەی پێدانی مۆڵەتی خوێندنی لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو، “دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە و پێشنیارکردنی چەند تێبینی و هەموارکردنێک، پڕۆژەکە پەسەند کرا”.