لیژنەی باڵای تەندروستیی عێراق، درێژكردنەوەی قەدەغەی هاتوچۆی سنوورداری ڕاگەیاند.
لیژنەی باڵای نیشتمانیی عێراق بۆ تەندروستی و سەلامەتی، كەمێك لەمەوبەر ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و ئاشكرایكرد، “وەک ڕێگرییەک لە تەشەنەسەندنی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا، قەدەغەی هاتوچۆ لە عێراق بەم شێوازەی ئێستا تا دوو هەفتەی تر درێژکرایەوە.”
پێشتر لیژنەكە قەدەغەی هاتوچۆی لە شارەكانی عێراقدا پەیڕەوكردبوو بەجۆرێك ڕۆژانە لە کاتژمێر 8ی ئێوارەوە تا کاتژمێر 5ی بەیانی هاتوچۆكردن قەدەغەیە.
بڕیارێكی تری لیژنەكە كە ڕۆژی 18ی مانگی ڕابردوو دەركراوە، قەدەغەكردنی هاتوچۆی نێوان شارەكانی عێراقە، تەنها بۆ كارمەندان و فەرمانبەران و ئەندامانی هێزە ئەمنییەكان نەبێت ئەوانەی كارەكانیان لە شارەكانی ترە.
هەر بەگوێرەی ڕێنماییەكان، هەموو شوێنە ئایینییەکان دادەخرێن و ئاهەنگگێران و کۆبوونەوەی کۆمەڵایەتیش قەدەغەدەکرێت و چێشتخانە و كافتریاكان تەنها بە شێوازی سەفەری و گەیاندنی خواردەمەنی كاردەكەن.