لە پارێزگای حەما لە سوریا، مینێك بە ئۆتۆمبێلكدا تەقییەوە و بە هۆیەوە 18 كەس گیانیان لەدەستدا، نۆ كەسیان ئەندامی یەك خێزانن.
ئاڕ تی-ی ڕوسی بلاویكردووەتەوە، ئەمڕۆ یەكشەممە 7ی ئازار، لە پارێزگای حەما مینێك بە ئۆتۆمبێلێكدا تەقیوەتەوە، لەكاتی گواستنەوەی ژمارەیەك جوتیار كە لە كۆكردنەوەی دۆمەڵان گەڕاونەتەوە.
ئەو ئۆتۆمبێلە 22 كەسی هەڵگرتووە، لەو تەقینەوەیەدا 18 كەسیان گیانیان لەدەستداوە، نۆیان ئەندامی یەك خێزانن، قوربانییەكان لە هەردوو ڕەگەزن.
ئەو مینە لە نزیك گوندێكی سەربە حەما لە سوریا تەقیوەتەوە، ئەوەش لەكاتێكدایە 27ی مانگی ڕابردوو بە هەمان هۆكار پێنج كەس مردن.
ئەوەش ئاشكراكراوە، مینەكە لە شەڕی داعش لەو ناوچەیە چێندراون و مەترسی بۆسەر ژیانی هاوڵاتییانی ناوچەكە دروستكردووە.
دۆمەڵان لە خێزانی بەرهەمە كەڕووەكانی هاوشێوەی قارچكە، لە دەستپێكی بەهاردا لە ژێر زەوی هەڵدەتۆقێت، نرخەكەی گرانە و لە سوریا یەك كیلۆی هەشت دۆلار دەكات، كە داهاتێكی زۆر باشە لەچاو داهاتی تاك لەو وڵاتە.