توركیا هەوڵی كڕینی فەوجێكی دیكەی ئێس-400 دەدات

سەرۆكی دیوانی پیشەسازیی بەرگری لە توركیا ئاشكرایكردووە، وڵاتەكەی بە نیازە فەوجێكی دیكەی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئێس-400 بكرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی ئازار، ئیسماعیل دەمیر، سەرۆكی دیوانی پیشەسازیی بەرگری لە توركیا ڕایگەیاندووە، “توركیا لە هەوڵی كڕینی فەوجی دووەمی سیستمی بەرگریی ئاسمانی ئێس-400ە لە ڕوسیا”.

ئاماژەی بەوەشكردووە، لەگەڵ لایەنی ڕوسیدا لە دانوستانن بۆ ئەو پرسە، هەروەها هەوڵدەدەن بتوانن بەشداری بكەن لە بەرهەمھێنانی ئەو سیستمە موشەكییە.

ئەو هەنگاوەی توركیا هاوكاتی هەڕەشەكانی ئەمریكایە بۆ سزادانی، بەهۆی ئەوەی ناڕازییە ئەو وڵاتە ببێت بە خاوەنی ئێس-400.

لەوبارەیەوە دەمیر ئاماژەی بەوەكردووە، “ئێمە پێمان وانییە ئەو سزایانە كاریگەریی گەورە لەسەر توركیا دروست بكەن، پێمانوایە كارێكی نادادپەروەرانەیە، لەسەر ئەمریكا پێویستە ئەو هەنگاوەی ڕاست بكاتەوە”.

یەكەم فەوجی سیستمی ئێس-400ی ڕوسی لە مانگی تەموزی ساڵی 2019 گەیشتە توركیا، ئەو هەنگاوەش كێشەی لەنێوان ئەنقەرە و واشنتن دروستكردووە.

بابەتی پێشتر

پۆلیسی هەولێر دەستی بەسەر دوو بارهەڵگر دەرمانی نەشیاودا گرت

بابەتی دواتر

مێسی لە پاریس بەدوای خانودا دەگەڕێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share