بەڕێوبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی ئازار ڕایگەیاند کە بڕیارە ئەمڕۆ ڤاکسینی کۆرۆنا بگاتە سلێمانی و ئەگەر بگاتە دەستمان سبەینێ هەڵمەتی کوتان دەستپێدەکەین.
لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا دکتۆر هێرش سەید سەلیم، جێگری بەڕێوبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی ڕایگەیاند، “دوێنێ پێنج هەزار ژەمە ڤاکسین گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان کە لە جۆری سینۆفارمی چینییە و لەو ژمارەیەش هەزار ژەمی بۆ کارمەندانی وڵاتی چینە، ئەوەی دەمێنێتەوە بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا دابەشدەکرێت”.
سەبارەت بە پشکی پارێزگای سلێمانی جێگری بەڕێوبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی وتی، “تاوەکو ئێستا نازانین سلێمانی چەند ژەمە ڤاکسینی پێدەگات بەڵام خۆی ئەوەی هاتووە بۆ هەرێم هەر کەمە ئەوەی دەگاتە سلێمانی زۆر کەمتر دەبێت”.
باسیلەوەشکرد کە پشکی سلێمانی ئەوەندە کەم دەبێت ئەگەری هەیە بتوانن تەنها لە دوو نەخۆشخانە دابەشیبکەن چونکە لە هەزار ژەمە ڤاکسین تێنەپەڕێت و وتی، “ئیتر کێ بیخوا کێ سەیریکات”.
لەلایەکی دیکەوە دکتۆر یاد نەقشبەندی، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “ئەو ڤاکسینەی گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان ئەگەری هەیە هەزار بۆ هەزار و 200 ژەمە ڤاکسینی پشکی سلێمانی بێت ئەوەش تەنها بەشی 600 بۆ 650 کەس دەکات”.
جەختیشیکردەوە هەرکاتێک بگاتە دەستیان بەدڵنیایی دەستدەکەن بە هەڵمەتی کوتان دژی کۆرۆنا.
دوێنێ سێشەممە یەکەم کاروانی ڤاکسینی سینۆفارمی چینی گەیشتە هەرێمی کوردستان کە بڕەکەی 5000 ژەمە ڤاکسین بوو، لە کۆی 50 هەزار ژەم کە بۆ هەموو عێراق نێردراوە و وەک دیارییەک لە وڵاتی چینەوە ڕەوانەکراوە.