پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر یاسای “كچان و ژنانی ڕزگاربووی ئێزدی” دا، بەگوێرەی ئەو یاسایە سەرجەم ڕزگاربووانی دەستی داعش قەرەبوو دەكرێنەوە.
پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە 1ی ئازار لە دانیشتنی ژمارەی 38ی خۆیدا بە سەرۆكایەتیی محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمان یاسای “كچان و ژنانی ئێزدیی ڕزگاربووی دەستی داعش”ی پەسەند كرد.
پاش پەسەندكردنی ئەو یاسایە، بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری عێراق لە تویتێكیدا نوسیویەتی، “پهسهندکردنی یاسای ڕزگاربووانی ئێزیدی دهستی داعش لەلایهن ئهنجومهنی نوێنهرانی عیراق، هاوکارییە بۆ ساڕێژی زامی قوڵی پاکیزهکانی شهنگال”.
بەرهەم ساڵح ئەوەشی خستوەتەڕوو، “یاساکە لهلایهن سهرۆکایهتیی کۆمار پێشکهش كرا، كە ههوڵێکه بۆ بهدیهێنانی دادپهروهری و سزادانی تاوانبارانی داعش و ڕزگاركردنی ڕفێندراوەکان”.
لەلایەكی دیكەوە، نادیە موراد، كچە ڕزگاربووی دەستی داعش لە تویتێكدا نوسیویەتی، “یاسای ڕزگاربووانی كچان و ژنانی ئێزدی لە عێراق هەنگاوێكی گرنگە بۆ داننان بەوەی توندوتیژییە سێكسییە بەهۆی جیاوازی كۆمەڵایەتییەوە، ئەوەش وا پێویست دەكات قەرەبووی ڕزگاربووان بكرێتەوە”.
ئامانج لەو یاسایە، قەرەبووكردنەوەی كچان و ژنانی ئێزدی ڕزگاربووی دەستی داعشە، لەگەڵ بڕینەوە موچە بۆیان و پێدانی پارچەیەك زەوی و فەراهەمكردنی ژیانێكی شایستە و دابینكردنی خزمەتگوزاریی پزیشكی و تێكەڵكردنەوەی منداڵەكانیان بە كۆمەڵگا.