لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق تۆپی دەنگدان لەسەر بودجەی خستووەتە گۆڕەپانی دەستەی سەرۆكایەتییەوە و ڕایگەیاندووە، كاری ئەوان لەسەر پرۆژەكە بە كۆتا هاتووە.
لە ڕاگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ دووشەممە 1ی ئازار لەلایەن پێگەی پەرلەمانی عێراق بڵاوكراوەتەوە ئاماژە بەوەكراوە، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ كۆبووەتەوە و چەند پرسێكی گرنگی تاووتوێ كردووە، لەوانە سەندیكای ژمێریاران و پرسی پرۆژەیاسای بودجە.
ئاماژە بەوەشكراوە، لیژنەی دارایی ڕایگەیاندووە، “سەرجەم بڕگە و مادەكانی یاسای بودجەیان تەواوكردووە و لە 15ی شوباتەوە بە نوسراو داوایان لە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق كردووە، كات بۆ دەنگدان لەسەر ئەو پرۆژەیاسایە دیاری بكات”.
بڕیارە بۆ ڕێككەوتنی كۆتایی و بەر لە پەسەندكردنی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021، شاندێكی حكومەت هەرێم بگەڕێتەوە بەغداد.