خۆپیشاندان لە شاری دیوانییە دەستیپێكرد و داوای دەستلەكاركێشانەوەی حكومەتی خۆجێی دەكەن.
بەپێی میدیا عێراقییەكان ئەمڕۆ دووشەممە 1ی ئازار ژمارەیەك لە خۆپیشاندەران لە بەردەم بینای حكومەتی خۆجێی شاری دیوانییە (سەنتەری پارێزگای قادسییە) كۆبوونەوە.
داواكاری خۆپیشاندەران دەستلەكاركێشانەوەی حكومەتی خۆجێییە، كە پێشتر 72 كاتژمێریان بۆ دیاریكرد بەمەبەستی ئاشكراكردنی ئەو لایەنانەی لەپشت بەئامانجگرتنی چالاكوانانەوەن، لەگەڵ لێپێچینەوەیان، لە بەرامبەریشدا هێزە ئەمنییەكان هەوڵیاندا بۆ بڵاوەپێكردنیان.
خۆپیشاندەران لە هەردوو یەكتربڕی شەقامی كۆماری و پرسی هەڵواسراو لە ناوەندی شارەكە كۆبوونەتەوە و بەپێی میدیاكان ژمارەیان ڕوو لە زیادبوونەوە.
هەر ئەمڕۆ دەیان خۆپیشاندەر لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغداد كۆبوونەوە و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بڵاویانكردەوە كە پشتیوانی لە خۆپیشاندەرانی پارێزگای زیقار و داواكارییەكانیان دەكەن.
ماوەی هەفتەیەكە خۆپیشاندان لە شاری ناسڕییە لە پارێزگای زیقار سەریهەڵداوەتەوە و تا ئێستا چوار خۆپیشاندەر كوژراون و دەیان خۆپیشاندەر و كارمەندی پۆلیس برینداربوون.
خۆپیشاندەران پارێزگاری پێشوویان ناچاركرد هەینی ڕابردوو دەست لەكاربكێشێتەوە، ڕۆژێك دواتر پارێزگاری نوێ دەستبەكاربوو، بەڵام خۆپیشاندەران ماوەی سێ ڕۆژە داوای دەست لەكاركێشانەوەی ئەویش دەكەن.