بەرشلۆنە پێویستی بە گالاکتیکۆس نییە و بۆندە مێژووییەکان ناونیشانی شکستە

بەرشلۆنە لە گواستنەوەکانی هاوینی 2021 پێویستی بە گالاکتیکۆس نییە

بەرشلۆنە وەک یەکێک لەو یانانە ئەژمارناکرێت کە بەدوای گواستنەوەی یاریزانە گەورە و گرانبەهاکان کەوتبێت، چونکە بە درێژایی مێژوو پشتیان بە لاوانی لاماسیا بەستووە، بەڵام لەم وەرزانەی کۆتایدا دۆخەکە جیاوازبووە.

لە ساڵانی ڕابردوو یانە کەتەلۆنیەکە چەندین یاریزانی گەورەی وەک فیلیپی کۆتینیۆ و عوسمان دیمبیلی و ئەنتوان گریزمان و چەندینێکی دیکەیان بە زیاتر لە 400 ملیۆن یورۆ دابینکرد.

لە کاتێکدا یانەکە لە بارودۆخێکی دارایی قورسدایە و وادەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی یانەی بەرشلۆنە نزیکدەبێتەوە، تۆنی فریکسا کە یەکێکە لە کاندیدە سەرەکیەکان بەڵێنی تەرخانکردنی 250 ملیۆن یورۆ دەدات بۆ گواستنەوەی یاریزانان ئەگەر بێتو ئەندامانی یانە دەنگی پێبدەن.

لە بەرانبەردا کاندیدەکانی دیکەی وەک خوان لاپۆرتا و ڤیکتۆر فۆنت بەڵێندەدەن، دووبارە پڕۆژەی پشتبەستن بە لاماسیا کارابکەنەوە و ڕەتیدەکەنەوە هاوشێوەی فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی ڕیاڵ مەدرید پڕۆسەی گواستنەوە و دابینکردنی گالاکتیکۆس ئەنجامبدەن.

بەرشلۆنە سوودی لە (٪33.3)ی بۆندە گرانبەهاکان وەرگرتووە

بە تێڕوانین لە 20 گەورە بۆندی واژووکراوی یانەی بەرشلۆنە بە درێژایی چەند ساڵی ڕابردوو، تەنها سوودیان لە شەش یاریزان وەرگرتووە، ئەوانیش ڕۆناڵدینیۆ و دانیێل ئالڤێس و لویس سوارێز و داڤید ڤیا و مارک ئۆڤەرمارس بوون.

لە لیستی گرانبەهاکاندا ساڤیۆلا، ئیبراهیمۆڤیچ، ئەندرێ گۆمێز، سیمیدۆ، ماڵکۆم، پاولینیۆ، فابریگاس، ئاردا توران بوونیان هەیە کە ڕەوانەی یانەی دیکە کراون، هەروەها چەندینێکی وەک عوسمان دیمبیلی، فرینکی دی یۆنگ، کۆتینیۆ، میرالیم پیانیچ، کلیمۆن لانگلێت و گریزمان هێشتا ئەنجامێکی ئەوتۆیان نەداوە بەدەستەوە.

بارسا پێویستی بە گالاکتیکۆسە؟

بەرشلۆنە لە ئێستادا خاوەنی پێکهاتەیەکی تێرەوتەسەلە و لەهەر پێگەیەکدا خاوەنی دوو تاوەکو سێ یاریزانی بەهرەدارن.

لە غیابی سەرۆکی یانەدا، ڕۆناڵد کومانی ڕاهێنەر نەیتوانیوە بیرۆکەکانی بچەسپێنێت، هەروەها نەشتوانراوە پێداویستیە لۆجیستی و مرۆییەکان دابینبکرێت.

بە شێوەیەکی گشتی یانە کەتەلۆنیەکە پێویستی بە سێ یاریزانە لە هەرسێ پێگەی بەرگری و ناوەند و هێرشبەر بۆ پڕکردنەوەی کەلێنی یاریزانە بەتەمەنەکان.

لەبەر ئەم هۆکارانە، هەوڵدان بۆ بژاردەی گالاکتیکۆس دوورە لە ڕاستیەوە، هەروەها بارودۆخە داراییەکان وا دەخوازێت تەنها چەند یاریزانێک بۆ چەند پێگەیەکی دیاریکراو بە نرخی گونجاو دابین بکەن، ڕەنگە ئیدارەی نوێی یانە ڕوو لە کڕینی چەند یاریزانێکی وەک ئیریک گارسیا و ڤایناڵدوم و مێمفیس دیپای بکەن، کە نرخەکانیان گونجاوە و گواستنەوەشیان مەحاڵ نییە.

بابەتی پێشتر

لە سەدامەوە تا داعش.. بەرپرسێكی عێراقی: لە دەیان گۆڕی بەكۆمەڵ نیوەیان هەڵدراونەتەوە

بابەتی دواتر

پێنج لاوترین یاریزان لە خولی نایابی ئینگلیزی گۆڵیان تۆمارکردووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share