بەرپرسێكی عێراقی ڕایدەگەیەنێت، ژمارەی ئەو گۆڕە بەكۆمەڵانەی تائێستا هەڵدراونەتەوە گەیشتووەتە 105 گۆڕ لە كۆی 210 گۆڕی بەكۆمەڵ كە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ڕژێمی پێشوو و سەردەمی تیرۆر و ماوەی دەسەڵاتی داعش.
كازم عوێد، سەرۆكی دامەزراوەی شەهیدانی عێراق وتی، سێ جۆر گۆڕی بەكۆمەڵ هەیە كە فەرمانگەی كاروبار و پاراستنی گۆڕە بەكۆمەڵەكان كاری لەسەردەكات، ئەویش گۆڕەكانی ڕژێمی پێشووی بەعس، سەردەمی تیرۆر لە پاش ساڵی 2003 و، ئەو گۆڕانەی هۆكارەكەی داعشن لەپاش ساڵی 2014ەوە.
عوێد، لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەی (سەباح)ی نیمچە فەرمی، ئەوەشی وت، ئەو گۆڕانەی ڕژێمی پێشوو دروستیكردوون و لەلایەن تیمەكانی سەر بە فەرمانگەی گۆڕە بەكۆمەڵەكانەوە دیاریكراون ژمارەیان گەیشتووەتە 98 گۆڕ لەو ژمارەیە تەنها 76یان هەڵدراونەتەوە، هەروەها ئەو گۆڕانەی داعش دروستیكردوون و لەلایەن تیمەكانمانەوە دیاریكراون گەیشتووەتە 112 كە لەو ژمارەیە 29یان هەڵدراونەتەوە.
ئاشكراشیكرد، كۆی ئەو ڕوفاتانەی لە گۆڕەكان هەڵگیراونەتەوە گەیشتووەتە شەش هەزار و 393 ڕوفات.
بەرپرسەكەی دامەزراوەی شەهیدان باسی لەوەشكرد، ژمارەیەكی زۆرتری گۆڕ هەن كە تائێستا نەخراونەتە پلانی دامەزراوەی شەهیدان، سەرەڕای هەندێك شوێنی دیكەی ئاشكرانەكراو.
ئەوەشی خستەڕوو، تیمی گۆڕە بەكۆمەڵەكان بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی پزیشكی دادوەری و لیژنەی نێودەوڵەتی كاروباری بێسەروشوێنبووان كار لە گۆڕە ئاشكراكراوەكان دەكات بۆ ئاشكراكردنی چارەنووسی بێسەروشوێنبووانی جەنگ و تیرۆر كە وڵات پیایدا تێپەڕبووە.
بەرپرسەكە كەمی پارەی پێویست بۆ ئەنجامدانی پلانەكان، سەرەڕای پەتای كۆرۆنا و دژواری هاتوچۆ لەنێوان پارێزگاكاندا بە بەربەست لەبەردەم كارەكانی دۆزینەوە و هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان ناوبرد.