بایدن: دووشەممە ڕاگەیەنراوێك لەبارەی سعودیە بڵاودەكەینەوە

جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا

سەرۆكی ئەمریكا دەڵێت، ئیدارەكەی ڕۆژی دووشەممە ڕاگەیەنراوێك لەبارەی سعودیەوە بڵاودەكاتەوە.

جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا لە وەڵامی پرسیارێكدا دەربارەی ئەوەی ئایا سزایان دەبێت دژ بە محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیەوە، وتی، “ڕۆژی دووشەممە ئەوەی بەشێوەیەكی گشتی بەرامبەر سعودیە ئەنجامیدەدەین ڕادەگەیەنین”.

لێدوانەكەی بایدن پاش دەرچوونی ڕاپۆرتێكی هەواڵگری ئەمریكایە كە باس لەوەدەكات شازادەی سعودیە “ڕێگەیداوە” بە كوشتنی جەمال خاشقچی، ڕۆژنامەنوس.

سەرۆكی ئەمریكا باسی لەوەشكرد كە لەگەڵ شای سعودییە قسەی كردووە و ڕونیكردوەتەوە كە بنەماكان دەگۆڕدرێن و گۆڕانكاری گرنگ لەمڕۆ و ڕۆژی دووشەممەدا ڕادەگەیەنین.

بەپێی ڕاپۆرتە هەواڵگرییەكەی ئەمریكا، محەمەد بن سەلمان لە ساڵی 2017ەوە “كۆنتڕۆڵی تەواوەتی” بەسەر دەزگای هەواڵگری و ئاسایشی وڵاتەكەیدا هەیە ئەمەش وادەكات “زۆر بەدووربزانرێت بەرپرسانی سعودییە كارێكی لەو جۆرەیان ئەنجامدابێت بەبێ هەڵكردنی گڵۆپی سەوز لەلایەن شازادەوە”.

پێشتر نوسینگەی چاودێری بیانییەكان سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا، ئەحمەد عسێری، جێگری سەرۆكی هەواڵگریی سعودیە و ئەندامانی هێزی دەستێوەردانی خێرای ئەو وڵاتەی خستە لیستی سزاكانەوە، بەهۆی دۆسیەی كوشتنی خاشقچی.

هەروەك وەزارەتی دەرەوە پێدانی ڤیزای بە 76 سعودی لەچوارچێوەی وەڵامی ئەمریكا بۆ كوشتنی خاشقچی قەدەغەكرد.

لە 2ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2018 جەمال خاشقچی رۆژنامەنوسی بەرهەڵستكاری سعودی بە مەبەستی مامەڵەی هاوسەرگیریەكەی سەردانی كۆنسوڵخانەی وڵاتەكەی لە ئیستەنبوڵ كرد، بەڵام هەر لەوێ كوژرا.

حكومەتی سعودیە سەرەتا نكۆڵی لەوەكرد، كە ئەو رۆژنامەنوسە لە ناو كۆنسوڵخانەكەیدا كوژرابێت، بەڵام دواتر باسی لەوەكرد، ژمارەیەك كارمەندی هەواڵگری بەبێ فەرمانی سەرووی خۆیان ئەو كارەیان كردووە.

س: ئەلحوڕە

بابەتی پێشتر

یەکەم فڕۆکەی عێراق بە ڤاکسینی دژە کۆرۆنا لە چین باردەکرێت

بابەتی دواتر

لە کەمپی هولی ڕۆژئاوای کوردستان ئاگرکەوتەوە و سێ کەس گیانیانلەدەستدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share