چەندین سەربازی خانەنشینی تورکی بە تۆمەتی هەوڵی ڕفاندنی ئۆپۆزسیۆنێکی ئێرانی دەستگیرکراون

میدیاکانی تورکیا ئاشکرایان کردووە، چەند سەرباز و ئەفسەری تورکی بە تۆمەتی هاوکاریی بۆ ڕفاندنی کەسێکی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی دەستگیرکراون.

تەلەڤزیۆنی (ODA)ی تورکی بڵاویکردووەتەوە، “ئەو باندەی دەستگیرکراون ژمارەیان 11 کەسە و نەخشەی ڕفاندنی کەسێکیان بەناوی (شەهنام گوڵشەنی) داڕشتووە، ئەوەش بەهاوکاری دەزگای ئیتڵاعاتی ئێرانی”.

ئەگەرچی ناسنامەی “شەهنام گوڵشەنی” بەتەواوی ئاشکرا نەکراوە کێیە، بەڵام لە چەند ساڵی ڕابردوودا کەسێک بەو ناوەوە، لە بازاڕی دۆلاردا کاریکردووە و وێبسایتێکی بازرگانی بەناوی ” مثقال” هەبووە، دواتریش خودی هەمان وێبسایت لە ئێران قەدەغەکرا.

لەگەڵ قەدەغەکردنی وێبسایتەکەی کەسێک بەناوی “شەهنام گوڵشەنی” دەستگیرکرا و تۆمەتی “بەزرکردنەوەی نرخی کاڵا و زێڕ”ی درایە پاڵ، دواتریش ئازادکرا.

لە دوای ئازادکردنی میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە کە “گوڵشەنی” ئێرانی بەرەو تورکیا بەجێهێشتووە.

ڕفاندنی کەسانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی لە تورکیا مێژووی چەند ساڵەی هەیە و ساڵی ڕابردووش تورکیا ڕایگەیاند، باندێکیان دەستگیرکردووە کە دەستیان هەبووە لە ڕفاندنی خەڵکی و ڕادەستکردنی بە ئێران، ئەوەش لە سنووری باکوری کوردستانەوە.

لەگەڵ ئەوانەشدا ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە ڕێبەری “بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی نیشتمانیی ئەهواز” لە تورکیاوە دیپۆرتی ئێران کراوەتەوە و تورکیاش دەستگیرکردن و ڕادەستکردنی ئەو سەرکردە ئۆپۆزسیۆنە دەخاتە ئەستۆی کوردێکی خەڵکی ورمێ.

بابەتی پێشتر

ئەو خواردنانەی نابێت پێش نان بیانخۆین

بابەتی دواتر

لە ڕۆژئاوای کوردستان چەند کەسێک بەناوی داعشەوە دوای زەکاتیان کردووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share