ڕێكخراوی قاعیدە، سەركردەیەكی نوێ بۆ خۆی دەستنیشان دەكات كە بە بن لادنی نوێ ناوزەد دەكرێت.
سەیف ئەلسەئر (شمشێری تۆڵە) نازناوی سەركردە نوێیەكەی قاعیدەیە، ژەنەراڵێكی پێشووی میسرە و دەوترێت ماوەیەكە دەسەڵاتی لە ئەیمەن زەواهری سەركردەی پێشووی قاعیدە وەرگرتووە و بە فەرمی بووەتە سەركردەی ئەو ڕێكخراوە.
ڕۆژنامەی دەیلی مەیڵ چەند زانیارییەكی لەبارەی سەركردە تازەكەی قاعیدە بڵاوكردووەتەوە و دەڵێت، “بڕیارە سەیف، ڕێكخراوی قاعیدە بگەڕێنێتەوە پێگە و كاریگەرییەكەی سەردەمی بن لادن.”
ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، سەیف لە ئێران خۆی شاردووەتەوە و پێدەچێت لە بن لادن مەترسیدارتر بێت، بەوپێیەی سەركردەیەكی یەكەی پاراستنی بن لادن بووە لە ئەفغانستان و بەهۆی ملپێچ و جامانە ڕەشەكانییەوە بە “پاسەوانە ڕەشەكە” ناوبانگی دەركردبوو.
ڕۆژنامە بەریتانییەكە باس لەوە دەكات كە سەركردەی نوێی قاعیدە، بەنیازە پەیوەندی لەگەڵ داعش و ئێران و تاڵیبانی ئەفغانستاندا دروستبكات.
ئەوەش ئاشكراكراوە كە سەیف ئەلسەئر ماوەی 30 ساڵە لە ڕیزەكانی قاعیدەدا چالاكی هەیە و بڕی 7.5 ملیۆن پاوەند وەك خەڵات تەرخانكراوە لە بەرانبەر كوشتنیدا، چونكە ناوبراو بەرپرسە لە تەقاندنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە نایرۆبی و دار سەلام لە ساڵی 1998دا كە 224 كوژراوی لێكەوتەوە.