هێڵە سوورەكانی بایدن لە عێراق چین؟

جۆ بایدن، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا

تائێستا تۆمەتی ئەو موشەكانەی ئاراستەی هەولێر كران ڕوبەڕووی گروپە چەكدارییە پشتیوانكراوەكانی ئێران دەكرێت، بەڵام بەهۆی هێڵە سوورەكانی ئەمریكاوە ئەگەری وەڵامدانەوەیان بە ئەستەم دەزانرێت.

دوابەدوای هێرشە موشەكییەكەی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد لە كۆتاییەكانی ساڵی ڕابردوودا، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەوكاتی ئەمریكا هەڕەشەی كشانەوەی دیپلۆماتكارانی لە عێراق كرد و تاوتوێی ئاراستەكردنی لێدانی سەربازیی بۆ سەر ئێران كرد، هەروەك كۆشكی سپی هۆشداریدا لە وەڵامدانەوەی توند “ئەگەر هەر ئەمریكییەك بكوژرێت”، بە كردەییش هیچ سەربازێك نەكوژرا و هیچ لێدانێكی سەربازی ئاراستەی ئێران نەكرا.

هەفتەی ڕابردووش، هیچ سەربازێكی ئەمریكی لەو هێرشە هاوشێوەیەدا نەكوژرا كە ئاراستەی بنكەی سەربازیی ئەمریكا لە فڕۆكەخانەی هەولێر كرا، ئەگەرچی دەستی تۆمەت بۆ گروپەكانی نزیك لە ئێران درێژكرا و، بەڵێندەرێكی بیانی كوژرا و، ژمارەیەك ئەمریكیش برینداربوون، بەڵام كاردانەوەكانی ئەمریكا تائێستا لەچوارچێوەی لێدوان و دەربڕینی توڕەیی و نیگەرانی ماونەتەوە.

ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمز بڵاویكردوەتەوە، وەڵامدانەوەی ئیدارەی جۆ بایدن بۆ هێرشە موشەكییەكان بە شێوازێكی دیكە دەبێت پێچەوانەی هەڵمەتەكەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دژ بە ئێران.

ڕۆژنامەكە بڵاویكردوەتەوە ئەو پرسیارە لە واشنتن و بەغداد هاتووەتە ئاراوە دەربارەی ئەوەی ئایا “هێڵە سوورەكانی بایدن چین لەوەی پەیوەندیدارە بە وەڵامدانەوەی هێرشی گروپە چەكدارییەكانی نزیك لە ئێران كە ئەمریكییەكان لە عێراق دەكەنە ئامانج؟”.

دیمەنێكی پاش هێرشەكانی سەر هەولێر

بەرپرسانی دیپلۆماسی و سەربازی دەڵێن، ئامانجی گەورەی بایدن كەمكردنەوەی كارە دوژمنكارییەكانە لەنێوان ویلایەتە یەكگرتووەكان و ئێران و پشتیوانەكانی لە ناوچەكەدا، لەنێویشیاندا عێراق، لەگەڵ دۆزینەوەی ڕێگایەك بۆ گەڕانەوەی دیپلۆماسیەت لەگەڵ تاران. لەو چوارچێوەیەشدا ئەمریكا ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ وتوێژی نوێ لەگەڵ ئێران بۆ سنووردانان بۆ بەرنامە ئەتۆمییەكانی.

بەرپرسان دەڵێن، هێرشی دژ بە ئەمریكییەكان لەلایەن ئێران و پشتیوانەكانیەوە ڕەنگە لە ئامانجە دیپلۆماسییە فراوانەكە بدات، هەروەك پێدەچێت زیان بە هەوڵە نوێیەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكان بدات بۆ ڕازیكردنی عێراق بە دووركەوتنەوە لە ئێران لەڕێی پێشكەشكردنی هاندان نەك هەڕەشە.

ڕۆژنامەكە لەسەر زاری دوو گەورە بەرپرسی وەزارەتی بەرگرییەوە بڵاویشیكردوەتەوە، تائێستا گفتوگۆی چڕ لە فەرماندەیی ناوەندیی لە پێنتاگۆن نەكراوە دەربارەی وەڵامدانەوەی سەربازیی سنوورداری ئەو هێرشەی ڕۆژی دووشەممەی پێشتر لە هەولێر ڕویدا، لەكاتێكدا لایەنە ئەمریكی و عێراقییەكان لێكۆڵینەوە دەكەن لەبارەی لایەنی بەرپرسیاری هێرشەكە.

هەڕەشە دەكەن و دەڵێن: یارییەكە لە ئێستاوە دەستپێدەكات

بەرپرسان دەربارەی ئەو هێرشە پەنجەی تۆمەت بۆ گروپەكانی وەك (كەتائیبی حزبوڵا و عەسائیبی ئەهلی هەق) درێژدەكەن، كە ئەوان پێشتر بەرپرسانی هێرشە هاوشێوەكانی دیكە بوون، بەڵام لەسەر ئاستی فەرمی بەرپرس و كاربەدەستانی كۆشكی سپی و وەزارەتی دەرەوە و پێنتاگۆن خۆیان بەدوورگرت لە ئاراستەكردنی تۆمەت بۆ هیچ لایەنێكی دیاریكراو.

سیمۆن لیدن، گەورە بەرپرسی سیاسی پێنتاگۆن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە تا مانگی ڕابردوو لەو پۆستەدا بوو لە تویتەر نوسی “ئای چەند تاقیكردنەوەیەكی گرنگە بۆ ئیدارەی نوێ. زۆرم بەلاوە گرنگە بزانم وەڵامدانەوە چی دەبێت”.

بەهۆی ئەوەی جێگری سەرۆك بووە لەماوەی ئیدارەكەی باراك ئۆباما، سەرۆكی پێشووتری ئەمریكا، بایدن لەنێو ئەوانەدابوو كە سەرپەرشتیاریی كۆتایی هێنانی جەنگی ویلایەتە یەكگرتووەكانی لە عێراق و كشانەوەی دوا 50 هەزار سەربازی شەڕكەری لە ساڵی 2011 كرد، بەڵام كشاندنەوەكە دەركەوتن و شەڕەكانی داعش-ی بەدواداهات.

بەرپرسان پێیانوایە بایدن گرنگییەكی تایبەت و قوڵی هەیە بۆ عێراق، دوای ئەوەی كوڕەكەی لە پاسەوانی نیشتیمانی لە سوپادا خزمەتیكرد و ڕوبەڕووی سوتانی قوڵ بووەوە كە دواتر بووە هۆی شێرپەنجەی مێشك و دوایی هێنان بە ژیانی لە ساڵی 2015دا.

ئیدارەكەشی تاوتوێی گەڕاندنەوەی سەدان كەس لە دیپلۆماتكار و كارمەندانی ئەمنی و بەڵێندەران بۆ باڵیۆزخانەكەی لە بەغداد دەكات.

بابەتی پێشتر

سەرکێشی ناکەن.. پلانی ڕیاڵ مەدرید بۆ کڕینی مباپێ و هالاند ئاشکرابوو

بابەتی دواتر

عێراق پێنجەم وڵاتی جیهان و دووەمی وڵاتانی عەرەبییە لەبوونی یەدەگی نەوت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

عێراق خورما هەناردەی چین دەکات

راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، هەناردەکردنی خورمای عێراقی بۆ چین هەنگاوێكی ئابوریی گرنگە و دوو سوودی سەرەکیی…
Total
0
Share