محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ی شوبات پێشوازیکرد لە شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم.
لە دیدارەکەدا دوا پێشهاتە سیاسی و ئابوری و ئەمنییەکانی وڵات تاووتوێکران، شاندی هەرێم و سەرۆكی پەرلەمانی عێراق گفتوگۆیانكرد لەبارەی پرسی بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی دارایی 2021 و جەختکرایەوە لەسەر بەردەوامبوونی وتووێژ و دانوستاندنەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ بەپێی دەستوور کە دەبێت دادوەری هەموان بێت.
هەروەها جەختیشکرایەوە لەسەر پەیڕەوكردنی بنەمای دادپەروەری لە دابەشکردنی داهاتەکان بەسەر هاوڵاتییانی عێراقدا بەبێ جیاوازی.
بەر لەو كۆبوونەوەیەش، شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عێراقدا كۆبووەوە و جەختكرایەوە لە یەكلاكردنەوەی دۆسیەی بودجە و سزادانی ئەنجامدەرانی هێرشەكەی دووشەممەی ڕابردووی سەر هەولێر.