دوای تۆمارکردنی سێ گۆڵ بەرامبەر یانەی بەرشلۆنە، هاندەرانی ڕیاڵ مەدرید لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و چەندین مینبەری دیکەوە پڕۆسەیەکیان دەستپێکردووە، تیایدا داوای کڕینی کیلیان مباپێ دەکەن.
شەوی ڕابردوو کیلیان مباپێی فەرەنسی لە یاری چوونی قۆناغی 16ی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا باشترین ئاستی بەرامبەر بەرشلۆنە نیشاندا، جگە لەوەی سێ گۆڵی تۆمارکرد، لەهەمان کاتدا توانی هێڵی بەرگری یانە کەتەلۆنیەکە تێکبشکێنێت.
لە کۆتایی یارییەکەدا یاریزانی ناوبراو ڕایگەیاند، ” ئەم بردنەوانە بێگومان دڵخۆشمان دەکات، بەڵام یارییەک نابێتە پێوەر بۆ بڕیاردان لەسەر ئەنجامەکە و تەنانەت داهاتووی خۆم”.
ئەم لێدوانەی ئاسکە فەرەنسیەکە دوای ئەوەدێت، کە چەندین سەرچاوەی فەرەنسی ئاماژەیان بە نوێکردنەوەی بۆندەکەی کرد تاوەکو هاوینی 2023.
لەم بارەیەوە ڕۆژنامەکانی مەدرید و ناودارترینیان کە مارکایە نوسیویەتی، لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و چەندین پێگە و مینبەری دیکەوە هەوادارانی ڕیاڵ گوشاریان لەسەر فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانە دروستکردووە و داوای کڕینی کیلیانی لێدەکەن.
سەرچاوەکە جەخت لەوە دەکاتەوە، کە گواستنەوەی ڕەش ئەسمەرە فەرەنسیەکە لە ئێستادا یەکێکە لە قورسترین مامەڵە بازرگانیەکانی بواری تۆپی پێ، بەڵام مەحاڵ نییە و لەهەمان کاتدا دەبێتە هەوێنی گەڕانەوەی سەروەریەکانی سەردەمی کریستیانۆ.
مارکا نوسیویەتی، “دوای ماڵئاوایی کریستیانۆ، ڕیاڵ و خولی ئیسپانیا پێویستی بە مباپێیە، بەم ئاست و هونەری یاریکردنەوە قورسایی بگەڕێنێتەوە”،