ئەمریکا و چوار وڵاتی ئەوروپی ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشیان لەبارەی هێرشەکانی سەر هەولێر بڵاوکردەوە

وەزیرانی دەرەوەی هەریەکە لە وڵاتانی ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و ئیتالیا لەبارەی هێرشەکانی سەر هەولێر ڕایانگەیاند پاڵپشتیی حکومەتی عێراق دەکەن بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکان و سزادانی ئەنجامدەرانی.

لە ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشدا کە وێنەیەکی بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا نێردراوە، وەزیرانی دەرەوەی ئەو پێنج وڵاتە ڕایانگەیاندووە، “ئێمە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەڵمانیا، ئیتالیا، فەرەنسا، بەریتانیا و ئەمریکا، بەتوندی سەرکۆنەی هێرشە موشەکییەکانی 15ی شوباتی سەر هەرێمی کوردستان دەکەین”.

هەریەکە لە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، جان ئێف لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، هایکۆ ماس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، لویچی دی مایۆ، وەزیری دەرەوەی ئیتالیا هەروەها دۆمینک ڕاپ، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا پرسە و سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییان و گەلی عێراق دەکەن.

ڕاشیانگەیاند، “حکومەتەکانمان پاڵپشتیی حکومەتی عێراق دەکات بۆ لێکۆڵینەوەکان لە هێرشەکان و لێپێچینەوەی ئەوانەی بەرپرسیارن لەو هێرشانە، ئێمە چاوپۆشی ناکەین لە هیچ کەسێک هێرش بکاتە سەر هاوپەیمان و هاوڵاتییان و هاوکارانی ئەمریکا”.

نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دوێنێ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “دەمانەوێت لێرەدا قسە لەبارەی هێرشەکانی سەر هەولێر بکەین و جەخت لەوە بکەینەوە کە پێشتریش لە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوێتانلێبوو، ئێمە نیگەرانین لە هێرشەکانی سەر هەولێر کە زیانی بە خەڵکی سیڤل و هێزەکانی هاوپەیمانان گەیاندووە.

پێشتریش وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بلینکن پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدا و مەسرور بارزانی ڕایگەیاندووە کە کارمەندان و هاوڵاتییانی ئەمریکی پارێزراو دەبن و پاراستنی ئاسایشی ئەوان کاری لەپێشینەیان دەبێت.

بابەتی پێشتر

"ڕەشەبا" نەیهێشت هاوڵاتییانی سلێمانی چاویان بچێتە خەو

بابەتی دواتر

کومان بەرامبەر پاریس کۆڵیداوە: پێویستە ڕاستگۆبین

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share